مەسروور بــارزانـی و شاندێكی یەكێتی ئەوروپا دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئەمرۆ چوار شه‌ممه‌ ۳۰ی۱ی۲۰۱۹، مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جین کریستۆف بێلیارد جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری سیاسی و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە رامۆن بلیکۆ باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و خاتوو كلاریس پاستۆری، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لە باره‌وه‌ كرا .

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پەیوەند بە پەرەسەندنەکانی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر ئاماژەی بەدەستپێکردنی قۆناغی نوێی ئەو پەیوەندیانە دا و ئاواتی خواست زەمینەیەکی لەبار برەخسێنرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و لەم هەنگاوەشدا هاوکاری یەکێتی ئەوروپای بە پێویست زانی.

لەلای خۆیەوە جین کریستۆف بێلیارد ئامادەییی خۆیان بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان نیشان دا بۆ پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی و هیوای پێشکەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی کوردستان خواست.

تاوتوێکردنی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و میکانیزمی بەرپەچدانەوەی ئەم مەترسیانە و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Back to top button