ئه‌مریكا له‌باره‌ی چالاكی گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ هۆشداری ده‌داته‌ عێراق

چوارشه‌ممه‌ ۳۰ی كانوونی دووه‌می ۲۰۱۹، رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی “مه‌ترسیداری” نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراقی ئاشكراده‌كات .

رۆژنامه‌ی عوكازی سعوودی نوسیوویه‌تی و ده‌ڵێت: “ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ماوه‌ی ۲٤ كاتژمێری رابردوودا، سێ زانیاری ستراتیژی له‌باره‌ی چالاكییه‌كانی گرووپه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كانی لایه‌نگری ئێرانی له‌ناو خاكی سووریا داوه‌ته‌ به‌رپرسانی به‌غدا و داوای كردووه‌ به‌خێرایی بجووڵێت و جگه‌ له‌ سڕكردنی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌، چه‌كه‌كانیشیان لێوه‌ربگرێته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ سعودییه‌كه‌ ده‌شڵێت :” گرووپێكی چه‌كداری عێراقی له‌ناو خاكی سووریا ده‌ستی به‌ جموجووڵی نامۆ و نهێنی كردووه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات مووشه‌ك ئاراسته‌ی ئیسرائیل بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوود له‌و سه‌كۆ مووشه‌كیانه‌ وه‌ربگرن كه‌ له‌ حزبوڵڵای لوبنانییه‌وه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی عوكازی سعودی باس جموجۆڵ و جووڵه‌ی نامۆی گرووپێكی چه‌كدار ده‌بینرێت كه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ جێده‌ستی سوپای پاسداران ده‌كرێت له‌سه‌ریان و له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وادا ده‌یانه‌وێت هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌نه‌ ئامانج”.

ڕۆژنامه‌ی عوكازی سعودی نوسیویه‌تی : راڤه‌كردنی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر جوڵه‌ی گروپێكی چه‌كدار كه‌ ده‌ستی ئێران له‌ پشتیانه‌وه‌ بێت ، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی ئێران له‌ رێگای حزبوڵڵای لوبنانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت مۆڵگه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بۆ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق دابمه‌زرێنێ و پاساوه‌كه‌شی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی “تیرۆری ئیسرائیله‌”، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌ی دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو بووه‌، هه‌وڵێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی حزبوڵڵایه‌ له‌ باشووری لوبنان”.

له‌باره‌ی زانیارییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ له‌ رێگای باڵێۆزی ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ به‌غدا وه‌ك دوا ئه‌ركی سیلیمان له‌و وڵاته‌ دراوه‌ته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌كاتی گه‌یاندنی زانیارییه‌كانیش، جیمس جێفری، نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ هاوپه‌یمانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئه‌ندرۆ بیك، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئێران ئاماده‌ بوون.

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان باس له‌ “زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌” له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌ركرده‌كانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئیسرائیل كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌رامبه‌ر مووشه‌كبارانی ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارنه‌ی عێراق و تۆڵه‌ی كرده‌وه‌، واشنتن ناتوانێت رێگه‌ی لێبگرێت.

Back to top button