سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەست لە كاردەكێشێتەوە

 

لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی وڵاتی توركیا, بینالی یڵدرم سەرۆكی پەرلەمانی توركیا رایگەیاند واز لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دێنێت و دەست لە كار دەكێشێتەوە.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و كاندیدی ئاكپارتی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ سەبارەت بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان رایگەیاند “لەو كاتەوە كە دەستمان كرد بە ناونووسی، واز لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەهێنم”.

بینالی یڵدرم لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی CNN Türk وەڵامی پرسیارەكانی پەیوەندیدار بە رۆژەڤی دایەوە و جەختی لەوە كردەوە “لەگەڵ سەردانیكردنی پارتەكە‌م بۆ ناونووسینی هەڵبژاردنەكان، داواكاری وازهێنانم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشكەش دەكەم”.

بینالی یڵدرم گوتی “بۆ من پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە رێكەوتی ١٨ی شوبات كۆتایی پێهاتووە و بەرپرسیاریەتییەكەم تەواو بووە”.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئەوەشی راگەیاند “هەڵوێستی من دیارە، كە خزمەتە بە میللەت. لە هەڵوێستەكەدا كێشەیەك نییە، هەڵوێست شتێكە و بێ ئیرادەیی شتێكی ترە، من كەسێكی بێ ئیرادە نیم، خزمەت وەك پەرستن وایە، میللەتەكەم چی گوتبێت، ئەوە دەكەم”.

لەبارەی دیاری نەكردنی كاندیدی ئیستەنبوڵیش لە لایەن هەدەپەوە، بینالی یڵدرم گوتی “با كەس دەنگی كوردەكان وەك كەوی ناو جانتا تەماشا نەكات، ئەمە لە هەڵبژاردنەكاندا دەبینینەوە”.

Back to top button