رێباز حەملان: دەروازە سنوریەكان توندو تۆلتر دەكەین لە پێناو رێگری زیاتر لە بازرگانی نا یاسایی
دوای ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاسەوانی سنوور و دەروازە و گومرگەكان كۆبوونەوەیەكی بەر فراوانی ئەنجامدا لە كۆ بوونەوەكە جەخت لە پێویستیی پاراستنی سنوور لە بازرگانیی نایاسایی و ماددەی هۆشبەر دەكاتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ١ی ٢٠١٩، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی پاسەوانی سنوور ( ناوچەی یەك) و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرایەتیی گومرگی هەولێر، سلێمانی و دهۆك لەگەڵ دادوەرانی دادگای گومرگی هەرێمی كوردستانی كرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی وەزیری دارایی كە لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)دا بڵاو كراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا رێباز حەملان باسی لە گرنگیی پاراستنی سنوور لەهەموو جۆرە بازرگانییەكی نایاسایی و ماددەی هۆشبەر و چەك و بەرەنگاربوونەوەیان بەمەبەستی پاراستنی بازاڕ و هاووڵاتییان كردووە. جەختیشی لە باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری گومرگی و سنوور و كارئاسانیی زیاتر بۆ بازرگانان لە پێناو زیادكردنی داهات كردۆتەوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە هەنگاوەكانی رێكخستن و یەكخستنی رێنمایی گومرگی لە نێوان هەولێر و بەغدا و كاری لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر كراوە.