هاوپەیمانیەكەی عەبادی: ئەمریكا عادل عەبدولمەهدی ناچاركرد دژە تیرۆر لە كەركووك بكشێنێتەوە
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا هێزی دژە تیرۆر لە نێو كەركووك بچێتە دەرەوەو لە بری ئەو هێزە هێزێكی تایبەتی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران جێگیر بكات, ئەمڕۆ چوارشەممە هاوپەیمانیی (ئەلنەسر)ی حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهۆی گوشاری ئەمریكاوە ناچار بووە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق لە شاری كەركووك بكێشێتەوە.
عەقیل ئەلردەینی سەركردە لە هاوپەیمانی ئەلنەسر رایگەیاند كشانەوەی هێزەكانی دژە تیرۆر لە پارێزگای كەركووك، هەلێكی گەورەی داوەتە هێزە كوردستانیەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە پارێزگاكە.
ئەلردەینی كە هاوپەیمانییەكەی دژایەتییەكی گەورەی عەبدولمەهدی دەكات، بە هۆی ئەوەی شوێنی عەبادی گرتووەتەوە و لە ئێستەوە بە پێچەوانەی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەلنەسر، چەند دەستكەوتێكی تۆمار كردووە، ئاماژەی بەوەش داوە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بۆ چەسپاندنی ئاسایش و یاسا لە كەركووك بوون، بڕیاری كشانەوەیان چاوەڕوانەكراو بوو، بەڵام دیارە كە عەبدولمەهدی لە ژێر گوشاری ئەمریكا ئەم بڕیارەی دەركردووە.
رۆژی چوارشەممەی پێشوو، حەیدەر عەبادی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی دژە تیرۆری لە كەركووك دەركرد. ئەمەش دوای ئەوەی لەوەتەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە ئەم هێزانە لە كەركووك جێگیر كرابوون.