بانكێكی حكومی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە

 

دوای ئەوەی دۆخی دارای هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بوون چوو, لە ئێستادا كۆمپانیاكانی بەرهەم هێنانی نێو دەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان دەستیان بە كارەكانیان كردۆتەوە, وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەشێكی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە و بانكێكی حكومی نێودەوڵەتیش لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.

لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ شاندێكی بانكی نێودەوڵەتی، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشێكی زۆری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە. هەروەها یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئاسانكاری پێویستی بۆ وەبەرهێنەران كردووە و بەشێك لە پڕۆژەكان دەستیان پێكردووەتەوە .

رێباز حەملان گوتیشی “بە پشتیوانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانراوە مۆڵەتی كردنەوەی بانكێكی حكومی نێودەوڵەتی لە بەغدا و لەژێر ناوی بانكی نیشتمان وەربگیرێت’.

وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوەشكرد، لە هەوڵی بە ئەلیكترۆنیكردنی بانكەكاندان و تاوەكو ئێستا 15 بانكی حكومی كراونەتە ئەلیكترۆنی.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا رێباز حەملان رایگەیاند “توانراوە بەشێكی زۆری كێشە داراییەكان چارەسەر بكەین و بەخۆڕاگری مووچەخۆران سەركەوتین بەسەر دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغدا و ئێستاش مووچە 30 رۆژ جارێك دابەشدەكرێت”.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەكرد “لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە هەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانمان دەدەن”.

Back to top button