سیناتۆرێكی ئەمریكا: رەشنووسێك بۆ چۆنیەتی پاراستنی كوردانی رۆژئاوا دەداتە حكوومەتی ئەمریكا

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا بكشێێتەوە, ئێستا هەڕەشەكان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زیاتر بووە بە تایبەت رژێمی سوریا گەڕاوەتەوە بەشێك لەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی كورد بوونە هەروەها توركیا هێزی زیاتر رەوانەی ناوچە سنوریەكان كردووە بە ئامانجی هێڕشكردنە سەر رۆژهەڵاتی فوڕات, سیناتۆرێكی ئەمریكا بۆ پاراستنی كورد رەشنوسێكی داوەتە حكوومەتی ئەمریكا.
جۆن كەنەدی، سیناتۆری ئەمریكا رەشنووسی یاسایەكی پێشكەشی كۆنگرێسی وڵاتەكەی كردووە، جەخت لە سەر بەكارهێنانی هێز لەپێناو پاراستنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی رەشنووسەكەی سیناتۆر كەنەدی، سەرۆكی ئەمریكا رێگەی پێدەدرێت فەرمان بە بەكارهێنانی هێز بكات بۆ پاراستنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی دیكەی باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا.

سیناتۆرەكە رایگەیاندووە “دەبێت هەمیشە بنەمایەكی ئەخلاقی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەبێت، ئەركی ئەخلاقیی ئێمەیە بەرامبەر هاوپەیمانەكانمان دڵسۆزبین. كوردانی سووریا رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لە شەڕی دژی داعشدا لە سووریا هەبووە و، نابێت بەتەنیا و بێ هاوكاری جێیانبهێڵین. ئەم گۆڕانكارییە گەرەنتی پاراستنی هاوپەیمانە كوردەكانمان دەكات و پێزانینمان نیشاندەدات بەرامبەر هاوكارییان لەشەڕی دژی داعشدا”.

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن)، تاوەكو ئەیلوولی 2018، 36 بەرپرسی باڵای داعش لە سووریا كوژراون و 700 چەكداری بیانی داعشیش كەوتوونەتە دەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە).

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، هەسەدە بە سەركردایەتی كوردانی رۆژئاوای كوردستان هاوكاربوون لە كەمكردنەوەی ژمارەی چەكدارەكانی داعش لە سووریا لە 100 هەزارەوە بۆ 5000 چەكدار.

Back to top button