فازڵ میرانی و عەلی باپیر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ئاشكرا دەكەن

دوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممه‌ باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەردانی پارتی بۆ لای ئێمە بەڵگەی ئەوەیە ئەوان سەردانی لایەنی تریان كردووە و سەردانی تریشیان دەبێت، بۆیە هیوادارین ئەو ناوەندە سیاسییەی هەمانە بەردەوام بێت و داهاتوویەكی باشی هەبێت، بۆیە ئێمە هیوادارین بەشێك بین لە چارەسەری دۆخەكە.

هاوكات فازڵ میرانی سكرێتری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بەڕێنوێنی سەرۆك بارزانی هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی باشتر بۆ داهاتووی كوردستان دابین بكەین، ئەگەر دوێنێ‌ شتی زیاترمان پێ دەكرا بۆ نەكراوە، ئەوا پێویستە ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتی لە تیمەكەی حكوومەت دابینكردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بین، بۆیە میلەت چاوی لەوەیە ئەوەیش لە بەرنامەی پارتییە بۆ حكوومەتی داهاتوو.

ئەمڕۆ پێنج شەممه‌ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی و ئەندامیەتی عەلی حوسێن و مەحموود محەمەد و دڵشاد شەهاب و هێمن هەورامی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامییان كرد لە شاری هەولێر.

شاندی كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر ئەمیر كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ڕێبوار حەمەد و چەند ئەندامێكی تر پێشوازییان كرد و كۆبوونەوەی نێوانیان دەستی پێ‌ كرد.

لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوولی ساڵی ڕِابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بە حزبی یەكەم و یەكێتی دووەم بە جیاوازییەكی زۆر لە كورسییەكان و گۆڕان پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانی لە ئەستۆیە، تا ئێستە سێ جار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ بكات.

Back to top button