كونسوڵی یونان سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات

نه‌وزاد هادى پارێزگاری هه‌ولێر له‌ دیوانى پارێزگا پێشوازى له‌ (ئیفسا یمیۆس كۆستۆ پۆڵۆس) كونسووڵى گشتیی نوێی یۆنان له ‌هه‌ولێری پایته‌خت كرد.

پارێزگاری هه‌ولێر وێڕاى خۆشحاڵبوون به‌م پێشڤەچوونه‌ى ڕه‌وشى په‌یوه‌ندیى دیپلۆماسى و دۆستایه‌تیى نێوان یۆنان و هه‌رێمى كوردستان، به‌خێرهاتنى كونسووڵى تازه‌ى كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

له بەرانبەردا كونسووڵى گشتیى تازه‌ى یۆنان خۆشحاڵیى خۆی به‌ هاتنى بۆ هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و ئه‌و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانى و سه‌قامگیرییه‌ى هه‌ولێری پایته‌ختى به‌ نموونه‌ى باڵا وه‌سف كرد و هیواى خواست له‌ ئایینده‌ى نزیكدا ڕێوڕه‌سمى  كردنه‌وه‌ى كونسووڵگه‌ریى وڵاته‌كه‌ى له ‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌ بچێت كه‌ پێشتر وه‌كوو نوێنه‌رایه‌تیى كار و هه‌ڵسووراندنی بازرگانی بووە، بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا وه‌ك كونسوولگه‌رێتیى به‌رده‌وام بێت”.

‌هاوکات جه‌ختیشى كرده‌وه‌ له ‌هه‌ماهه‌نگى و كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ پارێزگاى هه‌ولێر بۆ پێشوازیكردن و ئاسانكاری بۆ هاتنى چه‌ندین گرووپی گه‌شتیاری و شانده‌كانى بزنسمان و وه‌به‌رهێنه‌ران و كۆمپانیاكانى یۆنانى بۆ هه‌ولێری پایته‌خت و به‌شداربوونى كارایان له‌ پرۆسه‌ى ئاوه‌دانیى وڵات.

 

Back to top button