پێشمەرگە هێڕشێكی داعشی تێكشكاند

 

دوای ئەوەی ساڵێك بەر لە ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق, كۆتاهاتنی داعشیی بە فەرمی لە عێراق راگەیاند, بەڵام چەند مانگێك دەبێت لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانی كەركووك و دیاڵە داعش دەستی بە جموو جۆڵی سەربازی كردۆتەوە, كارگێڕی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین شەوی ڕابردوو داعش هێرشی كردووەتە سەر سەنگەرەێكی لیوای ٣ی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەیەك بریندار بووە، بەڵام پێشمەرگە بەرەنگاریان بوونەوەتەوە و داعشیان تێكشكاندووە.
لەمبارەیەوە شێركۆ تۆفیق، كارگێڕی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، ڕایگەیاند: “كاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو داعش هێرشی كردووەتەوە سەر سەنگەرێكی لیوای ٣ی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییان كرد و داعش تێكشێنراوە”.
ئەو كارگێڕەی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین گوتیشی: “بە هۆی ئەو هێرشەی داعشەوە پێشمەرگەیەك بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی كەلار چارەسەری پێویستی بۆ كراوە”.
هەروەها پێشتر میداكان بڵاویان كردبوویەوە كە تا ئێستا لە سنووری خانەقیندا زیاتر لە ٢١ گوندی كوردنشین چۆڵ بوون و عەرەبی هاوردە و ئەو عەرەبانەی لە گوندەكان بوون ماونەتەوە، شێركۆ تۆفیق ئاماژەی بەوەش دا “ئەو ڕەبایەی كە داعش شەوی ڕابردوو هێرشی كردووەتە سەری، ١٣ كیلۆمەتر لە ناوەندی خانەقینەوە دوورە”، بەڵام دوای ئەوەی داعش لە پەلاماردانەكەی شكستی هێناوە، لەسەر ڕێگەی سەنگەری پێشمەرگە كە نزیكی مەزارگەی “باوە مەحموود”ە بۆمبیان داناوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هاتنی هێزی پشتیوانی بۆ لیوای سێ بتەقێتەوە، بەڵام ئەو بۆمبانە دواتر لەلایەن هەڤاڵەكانمانەوە پووچەڵ كرانەوە”.
ڕوونیشی كردەوە لە ماوەی هەر ٢٤ كاتژمێردا جارێك كارێكی تیرۆرستی لە خانەقین و سنوورەكەیدا ئەنجام دەدرێت.

Back to top button