ئەمریكا هاوپەیمانێتیەك لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئوسترالیا دەبەستێت بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان و پاراستنی كورد

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە, لە ئێستادا لە هەوڵی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە بۆ كوردەكانی رۆژئاوای كوردستا بۆ ئەم مەبەستە, ئەمەریكا داوای لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئوستوڕاڵیا كردووە یارمەتی بدەن لە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بۆ كوردەكانی رۆژئاوا بە درێژای 32 كیلۆمەتر.

رۆژنامەی Wall Street Journal ئەمەریكی لە سەرچاوەیەكی كۆشكی سپی ئاشكرایكردووە، ئەمەریكا داوای لەو سێ وڵاتە كردووە تاكو بەشداری بكەن لە دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، بەڵام تاكو ئێستا هیچ كام لەو وڵاتانە قایل نەبوون بە داواكەی واشنتن.

رۆژنامەكە نووسیویەتی، توركیا سوورە لەسەر هێرشكردنە سەر ئەو ناوچانەی هێزە كوردییەكان بەڕێوەیان دەبەن، بەڵام ئەمەریكا دەیەوێت لە رێگای دروستكردنی ناوچەی ئارام رێگا بەو كارەی توركیا بگرێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، “ئابووری توركیا دادەڕمێنێت ئەگەر هێرشبكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكان”، توركیاش لە وەڵامی گووتی: “بێ نان و ئاو دەبین، بەڵام هەر شەڕی “تیرۆر” دەكەین”.

توركیا لەگەڵ دروستكردنی ناوچەی ئارام ناكۆكیی نییە، بەڵام ئەنقەرە دەڵێت دەبێت سوپای توركیا بە دروستكردن و چاودێریكردنی ئەو ناوچە ئارامە هەڵبستێت، پێشنیازێك، كە حكوومەتی سووریا و هێزە كوردییەكانی وەك یەپەگە و پەیەدە كۆك نین لەگەڵی.

Back to top button