بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی ساڵیادی كارەساتی 1ـی شوبات دەستی پێ كرد

ئه‌مڕۆ له‌ ساڵڕۆژى روودانى كاره‌ساتى يه‌كى شوبات، كه‌ بووه‌ هۆى شه‌هيدبوونى ده‌يان سه‌ركرده‌ و كاديرى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له‌ هه‌ولێر مه‌راسيمێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئەمڕۆ پازده‌ ساڵ بەسەر كارەساتی یەكی شوبات تێدەپەڕێت، كە بەھۆی تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە شاری ھەولێر زیاتر لە 100 كەس شەھیدبوون و نزیكەی  250 كەسی دیكەش برینداربوون.

كه‌مێك پێش ئێسته‌ له‌ شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى  به‌رپرسانى حكوومى و حزبى و نوێنه‌رى وڵاتان، ساڵیادی كارەساتی یه‌كی شوبات لە بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی یه‌كی شوبات به‌ مەڕاسیمێك ده‌ستى پێ كرد.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی یه‌كى شوبات، لە بەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی یه‌كی شوبات لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هەرێم و مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان، چه‌ندان به‌رپرسى ترى حكوومی و حزبی و نوێنه‌رى چه‌ند وڵاتێك یادی كارەساتی یه‌كی شوبات كرایەوە.

له‌ساڵى 2004 و له‌ ڕۆژى یه‌كى شوبات، دوو ته‌قینه‌وه‌ى گه‌وره‌ له‌ یه‌ك كاتدا لقى دووى پارتى دیموكراتى كوردستان و مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانى له‌ هه‌ولێر كرده‌ ئامانج و زیاتر له‌ 100 كه‌س له‌ به‌رپرسانى باڵاى پارتى و یه‌كێتى  و هاووڵاتییان بوونه‌ قوربانى.

 

Back to top button