ئەنجوومەنی پیرانی ئه‌مریكا ڕێگه‌ نادات هیزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا و ئه‌فغانستان بكشێنه‌وه‌

دوێنێ پێنجشەممە ۳۱ـی كانوونی دووه‌می ۲۰۱۹ له‌ كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا به‌ كۆی ٦۸ دەنگی بـەڵـێ و ۲۳ دەنگی نەخێر هەموارکردنەوەی پرۆژەیاسایەکی پەسندکرد کە رێگری لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ئەفغانستان دەکات.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێی وایه‌ ، تاوەکو ئێستا داعش و ئەلقاعیدە هەڕەشەی جددین لەسەر ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لەم دوو وڵاتە رێگە بەو دوو گرووپە دەدات جارێکی دیکە خۆیان رێکبخەنەوە.

هاوکات ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان کە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە سووریا و ئەفغانستان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەقامگیری ناوچەکە بەهۆی رێکخستنەوەی دووبارەی ئەو گرووپانە زیاتر تێکدەچیت و هۆشداری ئەوەش دەدەن، ئەو بۆشاییەش کە لە غیابی هێزەکانی ئەمریکا دروستدەبێت، رەنگە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پڕبکرێتەوە.

پەسندکردنی هەمواری ئەم پرۆژەیاسایە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیەوێت هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بکشێنێتەوەو هەروەها ژمارەی سەربازەکانیشی لە ئەفغانستان بۆ نیو هێندەی ژمارەی ئێستایان کە ۱٤ هەزار سەربازە کەمبکاتەوە.

Back to top button