به‌دیلی یه‌كێتی بۆ پارتی چیه‌؟

 

رێكان سه‌باح

له‌دواین هه‌ڵبژاردنی كوردستان جارێكی تر چاوه‌كان كه‌وتنه‌وه‌ سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام جیاوازی ئه‌مجاره‌ دوایی رووداو گه‌لێك دێت كه‌ ته‌كانێكی گه‌وره‌ی به‌ گۆره‌پانی سیاسی كوردستانداوه‌، لێ به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌م قۆناغه‌كه‌دا هه‌یه‌، پارتی دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌وته‌ به‌رده‌م واقیعێك كه‌ كه‌م تا زۆر ته‌كانی به‌ روئیای سیاسی هه‌ولێر داوه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا جارێكی تر پارتی له‌به‌رده‌م به‌رده‌م بازنه‌یه‌كی خولاوه‌ی مێژووی حكومرانی هه‌رێمی كوردستانه‌، پارتی له‌ ئێستادا دوو رێگای له‌به‌رده‌مه‌، یان ده‌بێت به‌هه‌مان شێوه‌ درێژه‌ به‌و دۆخه‌ بدات كه‌ خوڵانه‌وه‌یه‌ به‌ده‌وری یه‌ك بازنه‌، كه‌ له‌ئێستادا بۆ پارتی روونه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ ، یان ده‌بێت هه‌نگاوی دووه‌م بنێت كه‌ بیناكردنی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا و كۆتایی هێنان به‌ ره‌نگداری ئیداری هه‌رێم كه‌وایه‌ ئه‌مانه‌ چۆن ده‌كرێت؟

لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ كۆمه‌ڵێكی تر پرسیاری لێهه‌ڵده‌هێنجرێت، كه‌وایه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بپرسین، ئایا پارتی له‌ دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌ڵه‌ی به‌ریه‌ككه‌وتن و خیانه‌تسازی ناوه‌خۆی چی بۆشایه‌كی هه‌ڵقۆسته‌وه‌ بۆ وه‌ها دۆخێك كه‌ به‌سه‌ر كوردستان بهێنرێت؟ ئایا پارتی بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌ غیابی دامه‌زراوه‌یی به‌ مه‌فهومی ده‌مه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت، بووه‌ هۆكار و ده‌رئه‌نجامی ئه‌و خیانه‌ته‌؟ یان هه‌ڵقۆستنه‌وه‌ی وه‌ها بۆشایه‌ك بۆ ده‌ستوه‌شاندنی خیانه‌تكردن؟ ئایا پارتی له‌دوای خیانه‌ته‌كه‌ بۆی روون بویه‌وه‌، كه‌ هێزی سه‌ربازی به‌س نیه‌ بۆ مانه‌وه‌ی كوردستان و به‌هێز بوونی؟ ئایا پارتی له‌وه‌ها دۆخێك تێگه‌یشت، كه‌ راسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ توانی كوردستان بپارێزێت، به‌ڵام له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌س نیه‌ بۆ پاراستنی كوردستان؟

بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌  سێ ئاماژه‌ی گرینگ له‌ گوتاری سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ سه‌روبه‌ندی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ئاماژه‌ی گرینگ و جێگای له‌سه‌ر وه‌ستانه‌، ئه‌وانیش ” ده‌ستوور و چاكسازی و سه‌روه‌ری یاسا” ئه‌م سێ ئاماژه‌یه‌ له‌ گوتاری سه‌رۆك بارزانی له‌ سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنی بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رنامه‌ی لیستی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا، بتوانێت له‌سه‌ر  دروشمی كوردستانی به‌هێزی لێ هه‌ڵێنجێت، كاتێك پارتی دروشمی كوردستانێكی به‌هێزی كرده‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان، ئاماژه‌ گه‌لێكی تر له‌ ناو پارتی دا ده‌ركه‌وتن، كه‌ پارتی به‌ره‌و قۆناغێكی نوێ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ هه‌نگاو ده‌نێت، پرسیاره‌ گرینگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، پارتی به‌ره‌و كوێ ده‌یه‌وێت بروات؟

پارتی به‌ته‌واوی دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌وه‌ تیگه‌یشتووه‌، مانه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌، به‌ به‌رز شه‌كاوه‌ی ئاڵای كوردستان و به‌هێز مانه‌وه‌ی كوردستان، كه‌وایه‌ پارتی كاتێك ده‌گات به‌و واقیعه‌ بۆ ده‌بێت بینای دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت به‌ مه‌فهومی ده‌وڵه‌تداری نه‌كات؟ كه‌ ئه‌مه‌ رێگای ده‌رچوونی خوڵانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌وری بازنه‌كه‌، پارتی كاتێك مانه‌وه‌ی ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی مانه‌وه‌ی كوردستان و به‌هێزیشی له‌ چوارچێوه‌ی به‌هیزی كوردستاندایه‌، كه‌وایه‌ ئه‌م رێگایانه‌ چین كه‌ ده‌بێت پارتی بێ سڵكردنه‌وه‌ هه‌نگاوی بۆ بنێت”.

پارتی ده‌بێت حه‌وداڵی مانه‌وه‌ی زۆنه‌كان نه‌بێت، مانه‌وه‌ی دوو زۆنی له‌هه‌ریمی كوردستاندا” له‌ژێرناوی هێزی سه‌ربازی ئیداری” به‌ خاڵی لاوازی و خۆی بزانێت، چیتر ئه‌م خوڵانه‌وه‌یه‌ به‌ده‌وری بازنه‌ی زۆن و هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه‌كانی حزب نه‌یترسێنێت، چونكه‌ له‌ ئێستادا مانه‌وه‌ی دوو زۆنی له‌ كوردستاندا هه‌موو به‌ها دیموكراسیه‌كانی خستۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، كه‌ ئێستا یه‌كێتی به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ی كۆتایی سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردن ده‌كات له‌ سنوری دوو زۆنی دا هه‌ره‌شه‌ و گوره‌شه‌كانی یه‌كیێتش له‌ سنوری ئه‌و هه‌مه‌ره‌نگ بوونه‌ی ئیداره‌ی كوردستانه‌وه‌ دێت، به‌مه‌ش به‌رده‌وام هه‌رێمی كوردستان له‌ناوه‌خۆیدا دووچاری لاوازی و بێهێزی بووه‌، له‌به‌رده‌م له‌رزۆكترین دوژمندا، بۆ ئه‌م خاڵه‌ش به‌به‌ڵگه‌ی قسه‌كانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ گوته‌بیژی یه‌كێتی به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌ین هه‌ڵبژاردن هیچ به‌هایه‌كی نه‌ماوه‌،كاتێك ده‌لێت” جوگرافیا و هێز بریارده‌ره‌”.

كه‌وایه‌ پارتی ده‌بێت بێ ترس له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوورێك كه‌ تێیدا مه‌فهومی ده‌وڵه‌ت بینابكات له‌ هه‌رێمی كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه‌ بخاته‌ چوارچێوه‌ی هێزێكی یاسایی و ده‌ستووری و نیشتمانی به‌ته‌واوی له‌ ئینتمای حزبی داماڵێنێت، له‌چوارچێوه‌ ده‌ستوور و یاسا و پاراستنی هه‌ریمی كوردستان له‌هه‌رجۆڕه‌ دوژمنێك به‌دامه‌زراوه‌ی بكات، جا له‌رێگای بانگكردنی ته‌مه‌نی گه‌نجانی كوردستان بێت، یان له‌ چوارچێوه‌ی زانكۆیه‌ك دابێت، كه‌ تێیدا ته‌نها سه‌ربازی كوردستان په‌روه‌رده‌ بكات، به‌مه‌ش كۆتایی به‌ هێزی حزبی ده‌هێنێت و راسته‌وخۆ هێزی دوو زۆنی له‌كوردستاندا، كۆتایی پێدێت”.

هه‌روه‌ها پارتی ده‌توانێت له‌ ئێستادا به‌ ئاشكرا بانگه‌شه‌ی سه‌روه‌ری یاسا و بیناكردنی ده‌ستوورێكی مۆدێرن بكات، كاتێك سه‌روه‌ری یاسا له‌كوردستاندا چه‌سپا، دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوورێكی مۆدێرن و دیموكراسی دا، راسته‌وخۆ ده‌توانێت رووبه‌رووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو كوردستاندا ده‌چه‌سپێت كه‌ ویژدانی نه‌ته‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستاندا به‌ده‌ست ده‌هێنێت، تێیدا زه‌مانه‌تی پاراستنی كه‌رامه‌تی هاوڵاتیان ده‌پارێزرێت، به‌مه‌ش ئه‌و كوردستانه‌ به‌هێزه‌ له‌دایك ده‌بێت، كه‌ هێزێك زۆر به‌ بوونی هه‌موو حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی تری ئه‌م كوردستانه‌ ده‌دات كه‌ خۆیان له‌چوارچێوه‌ی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان ده‌بینه‌وه‌”.

به‌مه‌ش پارتی ده‌توانێت ئه‌م بازنه‌یه‌ ببڕێت كه‌ هه‌مووكات بۆته‌ به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ ستراتیژه‌كانی گه‌لی كوردستان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بینای دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانمان له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌فهومی ده‌وڵه‌ت بكردبا هیچ هێزێك جورئه‌تی نه‌ده‌بوو ده‌ست بۆ خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ببات، به‌ڵام له‌ غیابی ئه‌مه‌دا پارتی به‌ته‌نیا له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین پیلانگێری له‌دژی كوردستان مایه‌وه‌،  هه‌رچه‌نده‌ داستانی گه‌وره‌ی تۆمار كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌س نیه‌ كه‌ جارێكی تر پارتی نه‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌م وه‌ها دۆخێكدا، كه‌وایه‌ پارتی نابێت ته‌نها پشت به‌ هێزی سه‌ربازی ببه‌ستێت له‌وه‌ها دۆخێكی چاوه‌روانكراوی دووباره‌ بوونه‌وه‌دا، كه‌وایه‌  ده‌بێت له‌رێگای بیناكردنی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌فهومی ده‌وڵه‌تداری دا، زه‌مانه‌تی به‌هێزمانه‌وه‌ی كوردستان بكات كه‌ ئێستا بۆته‌ پێناسه‌ی “ژیانی بۆ پارتی”.

كاتێك پارتی به‌م رووئیایه‌ هه‌نگاو بنێت، بێگومان هیچ كات پێویست ناكات، له‌سه‌ر هێزێكی وه‌كو یه‌كێتی بوه‌ستێت، چونكه‌ پارتی له‌به‌رده‌م وه‌ها دۆخێك و قۆناغێك دانیه‌، كه‌ به‌هه‌مان روانگه‌ی چوارساڵی رابردووی سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بكات، له‌مێژنیه‌ یه‌كێتی وژدانی نه‌ته‌وه‌ی زۆر به‌ سه‌ختی ئازار دا، دانیشتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ پارتی وه‌ها ئاسان نیه‌ كه‌ له‌ پێش خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌نجامی ده‌دا، ئێستا له‌به‌رده‌م پرسیاردایه‌، ئایا به‌دیلی دانیشتن له‌گه‌ڵ لاهوره‌كانی ناو یه‌كێتی بۆ پارتی چیه‌؟ بێگومان ئه‌م روئیایه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد تاكه‌ رێگایه‌، مه‌گه‌ر ئه‌م رێگایه‌ نه‌بێت، پارتی ناچاره‌ له‌گه‌ڵ لاهوره‌كانی ناو یه‌كێتی بچێته‌ دانووستاند و به‌مه‌رجه‌كانیشی رازی بێت، چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد وه‌ روئیایی ده‌ربازبوون له‌ ره‌نگداربوونی زۆنه‌كان به‌ مه‌فهومی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا هیچ رێگایه‌كی تری له‌به‌رده‌م دا نیه‌، بۆیه‌ به‌دیلی یه‌كێتی بۆ پارتی به‌هێزكردنی كوردستانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌فهومی ده‌وڵه‌تداری و دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووری و داماڵینی حكومه‌ت به‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان له‌ ره‌نگبوونی حزبی و ده‌ستورێكی مۆدێرنی دیموكراسی كه‌ تێیدا زه‌مانه‌تی پاراستنی كه‌رامه‌تی هاوڵاتی بكات”.

Back to top button