دوو سیناتۆری ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژ ئاوای کوردستان نامەیەک بۆ ترەمپ دەنێرن

دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری کشاندنەوەی سەرجەم هێزەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا دەرکرد، داهاتووی کورد لە ڕۆژ ئاوای کوردستان کەوتە مەترسی بەتایبەت لەبەرمبەر هەڕەشەکانی تورکیا و گەڕانەوەی ڕژێم بۆ ناوچە کوردستانیەکانی ڕۆژئاوا، بۆیەدوو سیناتۆری ئەمریکا داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەیان دەکەن ستراتیژیەتێک بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دابڕێژێت.

دایین بلاکبێرن، سیناتۆری کۆماری و تامی دەکوێرس، سیناتۆری دیموکرات نامەیەکیان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کردووە و تێیدا داوای لێدەکەن، هاندەر بێت بۆ رێگەگرتن لە هەر پێکدادانێکی سەربازی لە نێوان هێزە کوردییەکان و تورکیادا.

دوو سیناتۆرەکە دەڵێن “وازهێنان لە کورد و ئەنجامنەدانی هیچ کارێک بۆ رێگەگرتن لە کوشتارییان دەبێتەهۆی لاوازبوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ تێکشکاندنی داعش و ناوبانگی وڵاتەکەشمان دەخاتە مەترسییەوە”.

ئەو دوو سیناتۆرە لە نامەکەیاندا دەڵێن، پێویستە ئەمریکا هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە تورکیا لەگەڵ کوردەکاندا ئاشتییانە کێشەکانی چارەسەر دەکات.

نامەی ئەم دوو سیناتۆرە بۆ ترەمپ لەکاتێکدایە، رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2018 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە سووریا دەکشێنێتەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستاش، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات- مەسەدە لە ئەمریکا بوو.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، ترەمپ لە “ئوتێلی نێودەوڵەتی ترەمپ” لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆبووەتەوە و پێی راگەیاندووە “کوردەکانم خۆش دەوێن” و دڵنیایکردوەتەوە کە کورد بەو جۆرە بەجێناهێڵێت لە لایەن تورکیاوە هێرشیان بکرێتە سەر.

Back to top button