نینۆك خواردن چی لە جەستە دەکات؟

یەکێک لە ڕەفتارە خراپەکانی هەندێک لە خەڵکی خواردنی نینۆکە لەکاتی نائارامی و بیرکردنەوەدا، کە ئەم ڕەفتارەیان زیانی تەندروستی دەبێت بەهۆی ئەو میکرۆب و ڤایرۆسانەی لەژێر نینۆکدا کۆدەبنەوە.

ماڵپەڕی “زیس ئینسایدەر” لە بابەتێکدا لەبارەی ڕەفتارەکانی مرۆڤەوە ئاماژە بە خراپترین ڕەفتار دەکات، کە بەشێک لە خەڵکیی ڕۆژانە بە بەردەوامی چەند جارێک دووبارەی دەکەنەوە، ئەویش خواردنی نینۆکە و زۆرکات لە بێ ئاگاییدا ڕوودەدات.

ماڵپەڕەک لە زاری ئەو کەسانەوە کە ئەو ڕەفتارەیان هەیە دەڵێن”بەهۆی ئەو ڕەفتارەمانەوە زۆرکات تووشیی شەرمەزاری دەبینەوە بۆیە چوونە شوێنەکان لە هەندێک کاتدا ڕەت دەکەینەوە، وەکو بانگهێشت نامە و ئاهەنگ و شوێنی گشتی”

ماڵپەڕەکە ئەو ڕەفتارە بە “BFRB” ناودەبات، ناتوانرێت بە خوویەکی ئاسایی دابنرێت کە کەسەکە بەبێ ئاگاداری و بێ مەبەست ئەنجامی دەدات.

لە زۆرترین حاڵەتدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشک بەجێدەهێڵێت و میزاجی تێکدەدات و هەستی دڵەڕاوکێ و بێزاربوون لە خەڵکی و دودڵی پێدەبەخشێت.

ماڵپەڕی مێرکۆلای پزیشکی ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە لایەنە دەروونییەکە زیانی تەندروستیشی هەیە بەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریا لەژێر نینۆکدا ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی پێستی لێ دەکرێت.

ئەم ڕەفتارە خراپە زیانی بۆ تەندروستیی ددان و پوک و زمان دەبێت و تووشی هەستیاریی و سوربوونەوە و نەخۆشیی جۆراوجۆریان دەکات.

بەپێی ماڵپەڕەکە شوێنی سەرەکیی گەشەکردنی بەکتریاکان وەکو بەکتریای سالمۆنیلا و ئی کۆلای ژێر نینۆکە، کە هۆکارە بۆ هەوکردن و زیانگەیاندن بە پێست و سوربوونەوە و دروستبوونی وەرەم.

پزیشکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن کە ئەم ڕەفتارەیان هەیە ئەو شتانەی دەیانخاتە ئەو دۆخەوە لێی بەدووربن وەکو سەیرکردنی تەلەفزیۆن و گوێگرتن لە شتێک کە تووشی دڵەڕاوکێیان دەکات.

لە کۆنیشدا ئەو کەسانە بۆ نەمانی ئەم ڕەفتارەیان ئامۆژگاری کراون کە پەنجەیان ماددەی تونی یان جۆرە بۆنێک یان خواردنێکی ناخۆشی لێبدرێت وەک سرکە یان سۆسی تون.

هەروەک ماڵپەڕەکە ئاماژەی پێکردووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا ژنێکی ئوسترالی بە ناوی کۆرتنی ویسۆن پەنجەیەکی بڕایەوە کە تووشی شێرپەنجە بووبوو، دوای لێکۆڵینەوە بۆیدەرکەوت بەهۆی خواردنی نینۆکەوە بووە، کە یەکێک بووە لە خووە بەردەوامەکانی.

Back to top button