سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی دەستەی دانوساندنكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكات
ئهمڕۆ شەممە 2ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك بـارزانــی پێشوازی لە شاندی دەستەی دانوساندنكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریای كرد كە پێكهاتبوو لە د. نەسر حەریری سەرۆكی دەستە و ئەندامانی دەستەی دانوساندنكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانیان كرد لە پاڵپشتیكردن و پەرۆشی بۆ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵكی سووریا لە شەڕ و قەیرانە قووڵەكانی ساڵانی ڕابردوو و، وێڕای جەخت كردنەوە لە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان، داوایان كرد سەرۆك بارزانی ڕۆڵی هەبێت لە سەرخستنی ئەو هەوڵانەی كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و ئاییندەی كورد لە سووریا لە ئارادان.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا و هەروەها بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەك كرایەوە بۆ ئەوەی گرفتەكان لە ڕێگەی سیاسی و بەشێوازی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكرێت. هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر ڕۆڵی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.