شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی ئەردەن دەکات

لەگەڵ ئالۆزتر بوونی باروودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و ڕۆژئاوای کۆردستان وا بڕیارە شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی شانشینی ھاشمیی ئوردن دەکات.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)، ”لە دوو ھەفتەی داھاتوودا“، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی عەممانی پایتەختی ئوردن دەکات.

لەو سەردانەدا، محەمەد بن سەلمان لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات دەکەن.

جگە لە پەیوەندییەکانی ریاز و عەممان، بارودۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە و شا عەبدوڵڵا دەبێت.

ئەو سەردانەی محەمەد بن سەلمان، کە وڵاتەکەی سەرکردایەتیی موسڵمانە سوننە مەزھەبەکانی جیھان دەکات و ئوردنیش وڵاتێکی ئیسلامیی سوننەمەزھەبە، دوای بڵاوبوونەوەی پرۆژەیەک بۆ لکاندنی ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق بە ئوردن، دێت.

پێشتر جەزا چنگیانی، توێژەر و مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی (سانت پێترسبۆرگ)ی رووسی لە پرۆژەیەکی زانستیدا، رایگەیاندبوو، کە تاکە چارەسەر بۆ دۆخی رۆژھەڵاتی ناوەراست، دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کورد و لکاندنی سوننەکانە بە ئوردن.

Back to top button