نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ۳ـی شوباتی ۲۰۱۹ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ئیفسیمیۆس كۆستۆبۆلۆس كۆنسولی گشتیی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا كۆستۆبۆلۆس خۆشحاڵیی خۆی به‌ دیداری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك یه‌كه‌م كۆنسوڵی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و تیشكی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی كوردستان و یۆنان و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌‌كان، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیان و كولتووری لێبورده‌یی و پێشوازیكردنی له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌رز نرخاند.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و پیرۆزباییی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ به‌ڕێزیان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، پشتیوانیی حكوومه‌تی هه‌رێم و داموده‌زگاكانیشی بۆ كاره‌كانی دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ وێرانبووه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان پێشكه‌ش كرد، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی یاسا ده‌رفه‌تی باش بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌خسێنراوه‌‌ و وه‌به‌رهێنه‌رانی یۆنانیش ده‌توانن سوود له‌م ده‌رفه‌تانه‌ وه‌رگرن.

سه‌رۆكوه‌زیران له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له‌ پرۆگرامی حكوومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات.

تاووتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

پێشتر نوێنه‌رایه‌تی یۆنان ته‌نها نووسینگه‌ی كۆنسوڵگه‌ریی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئاستی نوێنه‌رایه‌تی خۆی بۆ كۆنسوڵخانه‌ی گشتیی به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

Back to top button