ئەردۆغان و چاوش ئۆغلۆ سەردانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن

مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له‌ دیدارێكدا له‌ شاره‌وانی بای ئۆغلۆ له‌ ئیسته‌نبوڵ بۆ كه‌ناڵی “ئێن تی ڤی” توركی، ڕایگه‌یاند:” توركیا له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخی عێراق ده‌كات ، ئێستا بونیادنانه‌وه‌ و پێكهێنانی حكوومه‌تێكی گشتگیر گرنگترین كاره‌ له‌‌ پێشینه‌كانه‌ له‌ عێراق و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر هێشتا له‌و وڵاته‌ كۆتایی نه‌هاتوون ،له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌كه‌ین” .

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی توركیا له‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراقیش، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، گوتی: ئه‌نقه‌ره‌ به‌ڵێنی پێدانی قه‌رزێكی ۵ ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ عێراق داوه‌، كه‌ دوای نه‌هێشتنی داعش له‌ پڕۆژه‌كانی عێراق ده‌خرێته‌ گه‌ڕ”.

مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتیشی :” پیاوانی كاری توركیا ده‌توانن سوود له‌و قه‌رزه‌ وه‌بگرن و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ به‌ بزنسمانه‌كانی توركیا له‌ عێراق ده‌درێت و به‌شێكیشی بۆ بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق دابین كراوه‌‌”.

هاوكات ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە زاری مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵـی توركی ڕاشیگه‌یاندووه‌ ،وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ سەردانی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە بڕیارە لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا ئەنجامیبدات.

Back to top button