جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وەڵامی ترەمپ دەداتەوە, دەڵێت لێتان قبوڵناكەین

 

لەگەڵ زیاد بوونی ناكۆكیەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی بۆ چاودێریكردنی ئێران لە عێراق دەهێڵێتەوە، پێش كەمێك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وەڵامی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند ڕێگە نادەن خاكی عێراق بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربێنێت.

حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانی عێراق ڕێكەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا هەڵدەوەشێنێتەوە، بەمەش كۆتایی دێنن بە هەبوونی هێزەكانی ئەمریكا و راوێژكاران و راهێنەرانی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق.

كەعبی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەشی گوت كە لێدوانەكەی ئەمڕۆی ترەمپ سنووربەزاندنێكی ئاشكرای تێدا بوو بەرانبەر سەروەری خاكی عێراق و پێشێلكردنی دەستووری عێراق بوو، بە تایبەتی كە لە دەستووردا دووپات كراوەتە ڕێگە نادرێ خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی تر بەكاربهێندرێت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت كە ئەمە دووەم جارە ترەمپ سەروەری عێراق پێشێل دەكات. مەبەستی لە سەردانە رانەگەیەندراوەكەی چەند مانگی رابردووی ترەمپە بۆ بنكە سەربازییەكەی وڵاتەكەی لە پارێزگای ئەنبار، كە هەندێك لایەن بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراقی لێكدانەوەیان بۆ كردبوو.

Back to top button