ئەمریكا بە دوای چەند فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی دەگەڕێت پشكنینی لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستپێكردووە
لە دوای بڕیاری ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان, لە ئێستادا چاڵاكیەكانی لە عێراق زیاتر بووە بە جۆریك رۆژانە لە نێو شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەسوڕێنەوە, چەند سەرچاوەیەكی نافەرمیش ئاشكرایان كردووە كە هێزە ئەمریكیەكان بە دوای چەند فەرماندەیەكی داواكراو دەگەڕێن لە ناو ریزەكانی حەشدی شەعبیدان، ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێك لە ھاووڵاتیان و توێژە جیاوازەكانی لێكەوتووەتەوە و داوای دەركردن و سنورداركردنی جموجۆڵەكانی ھێزەكانی ئەمەریكا دەكەن لە عێراق.
ئەمەش لە كاتێكدایە، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، هێزەكانی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق دەمێننەوە بۆ چاودێریكردنی ئێران.
ترەمپ لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی ” Face the Nation “ی كەناڵی “سی بی ئێس”ی ئەمەریكایی، كە ئەمڕۆ یەكشەممە پەخشكرا، گوتیشی: “هەموو ئەوەی دەمەوێت، ئەوەیە بە گوێرەی توانا چاودێری بكەین. بنكەیەكی سەربازی پتەو و پڕ خەرجیمان لە عێراق هەیە. ئەوەش زۆر گونجاوە بۆ چاودێریكردنی رەوشی سەرجەم ناوچە ئاڵۆزكاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەش باشترە لە بڕیاری كشانەوەمان لەو وڵاتە”