حزبولای عێراق: ئەمریكا دەیەوێت خاكی عێراق داگیربكات, مانەوەیان بۆ رووبەروو بوونەوەی میحوەری بەرەنگاریە
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند كە هێزەكانیان لە عێراق دەهێڵنەوە بۆ چاودێری كردنی جموجۆلەكانی ئێران, لە بەرامبەردا كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی وەڵامی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا دەداتەوە و بە راگەیاندنێكی راشكاوانە بۆ داگیركردنی خاكی عێراق وەسف دەكات.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، محەمەد محی، وتەبێژی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقی لە لێدوانێكدا وەڵامی ترەمپی دایەوە و دووپاتیكردەوە، “ئامانج لە مانەوەی هێزی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی میحوەری بەرەنگارییە”.
محی جەختی كردەوە، “لێدوانەكەی ترەمپ راگەیاندنێكی راشكاوانەیە بۆ داگیركردنی خاكی عێراق و قۆناغێكی نوێی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ میحوەری بەرەنگاری”.
ئەمرۆ لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی “سی بی ئێس نیوز”ـی ئەمەریكی ترەمپ ئاشكرایكرد، واشنتۆن بە نیاز نییە هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە و گوتی: “ئەمەریكا بنكەیەكی سەربازی زۆر گەورەی لە عێراق هەیە، دەكەوێتە شوێنێكی زۆر نموونەیی بۆ بینین و چاودێریكردنی سەرانسەری ناوچە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئاماژەی بەوەشدا، “هێزەكانمان لە عێراق دەهێڵینەوە بۆ ئەوەی چاودێری ئێران بكەن”.