ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای كوردستان دەكات

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرۆكایەتیی نەسر حەریری سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی كۆبووەوە., لە كۆبوونەوەكەدا پرسە سیاسەكان و دۆخی ناوچەكە تاوتێكرا.

دوای كۆبوونەوەكەش نەسر حەریری، سەرۆكی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە كوردستان24ـی رایگەیاند، پێویستە هێزی پێشمەرگەی رۆژ لەگەڵ هێزەكانی دیكە بۆشایی ئەمنی لە رۆژئاوای كوردستان پڕ بكەنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی پەنابەری عەفرین كۆبوونەوە.

لەو بارەیەوە نوری بریمۆ، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پەدەكەسە رایگەیاند، لەو كۆبوونەوەیە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، كە پێویستە عەفرین لە لایەن خەڵكی شارەكەوە ئیدارە بكرێت.

جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەو میلیشیایانەی هەن و پێشێلكاری دەكەن، دەبێت بكشێنەوە و خەڵكی ئاوارە و پەنابەر بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، ئێستا هێزە كوردییە بەرهەڵستكارەكان بەشداریان پێ ناكرێت لە ئیدارەدانی عەفرین و ئەوانەی ئێستا ئیدارەی عەفرین دەكەن دز و چەتەن و خزمەت بە خەڵك و هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت توركیاش ناكەن

Back to top button