نێچیرڤان بارزانی : میر ته‌حسین به‌گ مرۆڤێكی مه‌زن بوو

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٤ی۲ی۲۰۱۹ ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزدییه‌كانی كوردستان و جیهان له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و بڕیاره‌ سبه‌ینێ له‌ قه‌زای شێخان به‌خاك بسپێردرێ.

لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی رێوڕەسمێکی تایبەت و فەرمی بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی میر تەحسین بەگ، رێكخراوه‌ و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و نوێنه‌ری كونسوڵخانه‌ و باڵیۆزخانه‌ی وڵاتانی بیانی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌كرابوو .

له‌ رێوڕه‌سمێكدا، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پیاوو ئافره‌تی ئیزیدی پیشوازی له‌ روفاته‌كه‌ ده‌كه‌ن دواتر به‌ پێی پرۆتۆكۆڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی ده‌ست به‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ كرا و ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك به‌رامبه‌ر ئاماده‌بووان دانا.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێوره‌سمی پێشوازیكردن له‌ ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، ڕایگه‌یاند: “ئه‌مڕۆ پێشوازی له‌ ته‌رمی مرۆڤێكی مه‌زن ده‌كه‌ین كه‌ میر ته‌حسین به‌گه‌ و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی میر و جڤاتی رۆحانی و سه‌رجه‌م ئێزدییه‌كانی كوردستان و جیهان كوردستان ده‌كه‌ین”.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “میر ته‌حسین به‌گ ماڵئاوایی له‌ ئێمه‌ كرد، به‌ڵام خزمه‌ت و خه‌باتی میر ته‌حسین به‌گ به‌رده‌وام به‌ زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌. میر كه‌سێكی چالاك بوو، به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول سه‌دان ئێزدی به‌شداریی شۆڕشی كوردستانیان كرد و تا ئێستاش پێشمه‌رگه‌ ئێزدییه‌كان به‌رده‌وامن له‌ خه‌بات به‌ رۆح و گوڕوتینێكی كوردانه‌ و مه‌ردانه‌”.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گووتی: “میر ته‌حسین ئێزدییه‌كانی هاندا به‌شداریی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق بكه‌ن و ئێزدییه‌كان به‌ درێژایی مێژوو ئه‌ركی نیشتمانی خۆیان به‌جێهێناوه‌، چونكه‌ پارێزگاریكردن له‌م خاكه‌ به‌شێكه‌ له‌ بیروباوه‌ری ئایینی ئێزدییه‌كان”.

هه‌روه‌ها نیچیرڤان بارزانی گووتیشی: “په‌رله‌مانتار و نوێنه‌رانی ئێزدییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق دڵسۆزانه‌ كاریان بۆ خزمه‌تكردنی ناوچه‌ی ئێزدییه‌كان و كوردستان بكه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق كار بۆ خزمه‌تكردنی ئێزدییه‌كان بكه‌ین”.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌و سته‌م و زۆردارییه‌ی چه‌كدارانی داعش كرد و گووتی: “داعش تاوانێكی زۆر به‌ به‌رنامه‌ و دڕندانه‌ و گه‌وره‌ی دژی خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان ئه‌نجامداوه‌و و ٦٤۱۷ كه‌سیان رفاندووه‌و ۳۵٤۲ له‌و ژن و كچانه‌ی رفاندنیان ئازاد كراوون و به‌داخه‌وه‌ هێشتا ۳ هه‌زار كه‌س ماوه‌ رزگار بكرێن. داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین هاوكاریمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوشك و برا ئێزدیانه‌مان رزگار بكه‌ین و تا یه‌ك كه‌س له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش مابن سته‌می داعش به‌رده‌وامه‌ و تا رزگار كردنی دوا كه‌سیشیان نووسینگه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و پرسه‌ كه‌ دانراوه‌ به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت: “به‌ هه‌وڵ و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و رۆڵ و سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش رزگار كران و كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین ئیداره‌یه‌كی شایسته‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دابنرێت و ئه‌وه‌ش خه‌ون و ئاواتی میر ته‌حسین به‌گ بوو”.

رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو ۲۸ی۱ی۲۰۱۹، میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییەکانی کوردستان و جیهان لە تەمەنی ۸٤ ساڵیدا، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هانۆڤه‌ری وڵاتی ئه‌ڵمانیا، كۆچی دوایی كرد.

Back to top button