شیعه‌كانی عێراق توڕه‌و نیگه‌رانن له‌ لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا

 

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا، سەبارەت بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، تەواوی لایەنە شیعەکانی نیگەرانکردووه‌، لایه‌نه‌ شیعه‌كان جەختیشدەکەنەوە، رێگە بە ئەمەریکا نادەن عێراق بۆ چاودێریکردن و هێرشکردنە سەر خاکی ئێران بەکاربێنێت.

سەباح ساعدی، سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانێتی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکكوەزیرانی عێراق کرد، هەموو رێوشوێنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق بگرێتەبەر.

سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانێتی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، رێگە بە سەرۆکی ئەمەریکا و هێزەکەی نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، داواشیکرد، کوتلە سیاسییەکان لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە پەلە لە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بکەن.

هاوپەیمانێتی فەتح، کە بە دووەم گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دادەندرێت و لە زۆرینەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی پێکدێت، ئاشکرای دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆدەبێتەوە، دروستکردنی هەر بنکەیەکی سەربازی گەورەی ئەمەریکا لە عێراقیش بە داگیرکردنی ئەو وڵاتە دەزانێت.

هاوكات لە دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، جەعفەر حوسەینی، گوتەبێژی حزبوڵڵای عێراق رایگەیاند:” ناکرێت سەرۆکی ئەمەریکا وابیربکاتەوە، کە لە خاکی عێراقەوە دەتوانێت هێرشی سەر ئێران بکات و ئەو دەستە دەبڕن، کە بە نیازە لە عێراقەوە هێرشی سەر سووریا و ئێران بکات”.

لای خۆیه‌وه‌ قەیس خەز عەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لە سەرەتاوە ئێمە دەمانگوت، ئەمەریکییەکان لەپێناو بەرژوەندی عێراقییەکان لەو وڵاتە نین، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان لە عێراقن، سەرۆکی ئەمەریکاش ئەو پرسەی بە روونی ئاشکراکرد”.

لە چاوپێکەوتنێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هێزەکانیان لە عێراق ناکشێننەوە و لە خاکی ئەو وڵاتەشەوە چاودێری جموجۆڵەکانی ناوچە ئاڵۆزەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

Back to top button