پڕۆژەی بودجەی عێراق لە پازدەڕۆژی دیکە دەبێتە بودجەی گشتی و حکوومەت دەتوانێت خەرجی بکات
دوای ئەوی بودجەی عێراق لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، وتەبێژی سەرۆك كۆماری عیراق رایدەگەیەنێت، رۆژی 4ی شوبات لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراق یاسای بودجەی 2019ی عیراق واژۆی لەسەر كراوە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: “دوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائع ئەگەر سەرۆك وەزیران تانەی لێ نەدات دەبێتە بودجەی گشتی”.
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ڕایگەیاندووە: “دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانی عیراق پرۆژە یاسای بودجەی پەسەند كراو رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق كرا، رۆژی دوو شەممە 4ی شوبات یاسای بودجەی 2019ی عیراق لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق واژۆی لەسەر كرا”.
سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دیكەی یاسای بودجە، جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاندووە “دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمار واژۆی لەسەر كراوە، لە رۆژنامەی وەقائع بڵاو دەكرێتەوەو ئەگەر سەرۆك وەزیران تانەی لێنەدات، لەماوەی 15ی رۆژی داهاتوودا دەبێتە بودجەی گشتی عیراق”.