حكمەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە ترەمپ كرد
خواكوڕك
رۆژی چوارشەممە 9-11-2016 ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بڵاوكرایەوە و تێدا دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان بە سەرۆك هەڵبژێردرا گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە ترەمپ دەكات و جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی واشنتن و هەولێر دەكاتەوە، داواش لە ئیدارەی ترەمپ دەكات هاوكاری زیاتری پێشمەرگە بكات.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووداوی راگەیاندووە “پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بە فەرمی لە دوای جەنگی دووەمی كەنداو لەساڵی 1991 دروستبووە، ئێمە بەردەوامین لە پەرەپێدان بەو پەیوەندییە، ئەمریكاش وڵاتێكی گەورە و كاریگەری ناوچەكەیە، خاوەن بەرژەوەندی و پێگەی خۆیەتی لە ناوچەكەو كۆمەڵێك سیاسەت و ستراتیژی نەگۆڕی هەیە، ئێمەش سوورین لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا”. سەفین دزەیی گوتی “ئێمە پیرۆزبایی لە گەلی ئەمریكا و سەركەوتنی بەڕێز ترەمپ دەكەین، هیوادارین لەسەر سیاسەتی كابینەكانی پێشووی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و زیاتر پەرە بەو پەیوەندییانە بدات، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هێزێكی سەرەكی شەڕی تیرۆر و داعشە”.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئومێد دەخوازێت، كە ئیدارەی نوێی ترەمپ لە ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا زیاتر هاوكاری پێشمەرگە بكات لە پڕچەككردن و مەشقكردن و دەڵێت “ئێمە دەخوازین ئیدارەی بەڕێز ترەمپ بە هەمان نەفەسی ئیدارەكانی پێشوو بەڵكو باشتر هاوكاری هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بكات، لە بارەی داواكاری هەرێمی كوردستان لە ئیدارەی ترەمپ سەفین دزەیی گوتی “هەرێمی كوردستان داوای پڕچەككردن و چەكی قورسی كردووە، چونكە شەڕی تیرۆر و داعش لە ناوچەكە هەیە، ئێمە بە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی شەڕ دەكەین، ئەگەر موسڵ ئازادبكرێت و مەترسی دیكەی تیرۆر و تووندڕەوی و تێكدانی ئاسایشی عێراق و ناوچەكە نەمێنێ، رەنگە پێویستمان زۆر بە چەك نەبێت”.
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی واشنتن و هەولێر لە بواری سەربازی دەكات و دەڵێت “بۆ بە سیستەمكردنی هێزی پێشمەرگە وەكو لەشكرێكی مۆدێرنی كوردستان و هاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە، داوای هاوئاهەنگی زیاتر و پاڵپشتی زیاتر لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا دەكەین”.