نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزو كونسوڵی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق ده‌كات

سه‌رله‌ به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ۵ی۲ی۲۰۱۹ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز سیریل نان باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق و خاتوو باربارا وۆڵف كونسولی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵییان به‌ دیداری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ربڕی و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه‌یان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی هه‌موو پێكهاته‌كان بێ جیاوازی به‌رز نرخاند.

به‌ڕێز باڵیۆزى ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ له ‌كاتی سه‌ردانی مه‌یدانیی به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕى دژى داعش ئه‌م ڕاستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌‌ و باسى له‌ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ دروست كراوه‌ و ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ كراوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی سه‌ردانه‌كه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد، هه‌روه‌ها ستایشى ئه‌ڵمانیای كرد بۆ ئه‌و دیارییه‌ به‌نرخه‌ی پێشكه‌ش به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ ئاست قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌یه.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ماهه‌نگیی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌ردوولا له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی لێده‌كرێت تاوتوێ كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجام دراون و میكانزمێكی گونجاو دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاسی عێراقدا هه‌بێت.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و گفتوگۆ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back to top button