ئه‌مریكا زیاتر له پێنج هه‌زار سه‌ربازی له عێراق دا هه‌یه
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ۵ی۲ی۲۰۱۹ دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له نامه‌ی كۆتاییهاتنی كاره‌كه‌ی و ماڵئاواییكردن له عێراق، ژماره‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌م وڵاته ئاشكرا كرد و گووتی: “زیاتر له ۵ هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی به هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق بهردهوامنن له كاره‌كانیان”.
دۆگلاس سیلیمان بالیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له عێراق له نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “ئه‌و ژماره‌یه‌ی سه‌ربازانمان له بنكه‌كاندا راوێژ و راهێنان و مه‌شق به ھێزه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و ئاماده‌یان ده‌كه‌ن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش و به‌رگریكردن له سنووره‌كانی عێراق”.
راگه‌یاندنی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له كاتێكدایه به‌شێكی زۆری لایه‌نه سیاسی و گرووپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراق، دژی بوونی ئه‌و هێزانه ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه‌و داوای ده‌ركردنیان ده‌كه‌ن.
زۆرێك له لایه‌نه عێراقییه‌كان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه حكوومه‌ت ناچار بكه‌ن بڕیاری كردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ربكات.