پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بڵاو كرده‌وه‌

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە راگەیندراوێک بڵاوكرده‌وه‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ده‌ڵێت : “بە پێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە ۱۸ی۲ی۲۰۱۹ بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت”.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پارتی دا هاتووە و ده‌شڵێت: “ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی ۱۸ی۲ی۲۰۱۹ لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە”.

دەقی بڵاوکراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە درێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا، ئەمڕۆ سێ شەممە، رێکەوتی ۵ی۲ی۲۰۱۹ لە ھەولێری پایتەخت، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەنجامدرا.

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر چەند بابەتێکی پێویست و پەیوەستی قۆناغەکە و، ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتینە رێککەوتن. لەوانە:

یەکەم/ کۆبوونەوە لیژنەی ھاوبەشی نوسینی رێککەوتنی سیاسی نێوان ھەردوولای راسپارد، کە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زوترە پرۆژەیەک ئامادە بکرێت و لەلایەن ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبکرێت.

دووەم/ دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ۳۰ی۹ی۲۰۱۸ و پەسەندکردنی ئاکامەکانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە لە ۱۸ی۲ی۲۰۱۹ بەگوێرەی رێککارە یاساییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوکاری و زەمینەسازیەک بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە و ھەنگاوەکانی دواتری پەرلەمان بکرێت.

سێیەم/ پارێزگای کەرکوک بەشێکی گرینگی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، بڕیار درا ھەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە عەمەلیەکان دەستپێبکرێن. ھەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە رێکەوتی ۱۸ی۲ی۲۰۱۹ لە ھەولێر کۆببێتەوە و ھاوکات بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە.

Back to top button