مەحمود محەمەد: هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی تەواو دەبێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە، لە میانەی کۆبوونەوەکە بڕیاریاندا کە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و لە هەمان ڕۆژیدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە دۆخی شارەکە کۆببێتەوە و گوتەبێژی پارتیش ئەوە ئاشکرا دەکات کە هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی ئامادەدەبێت بۆ بڕیاردان لەسەری.
ئەمڕۆ لەسەر ئاستی باڵا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە و سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی سازکرد.
ناوبراو ئاماژەی بە ئەوە کرد کە لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سێ خاڵەوە کراوە ئەوانیش پڕۆژەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی و بابەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و دواتر یەکلاکردنەوەی بابەتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی تازەی حکوومەت، هەروەها ڕوونیشیکردەوە کە یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کۆبوونەوەکە دۆخی کەرکووک و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پارێزگای کەرکووک بوو.
مەحموود محەمەد ڕایگەیاند کە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و دواتر دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و لە هەمان ڕۆژیشدا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت، کۆبوونەوە لەبارەی دۆخی تەناهی و ئابووری و کارگێڕی پارێزگاکە دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە سەبارەت بە وەرەقەی سیاسی یاخود ڕێککەوتنی تازەی نێوان پارتی و یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری دەستنیشانکردنی دوو کەس لە هەردوو حزب درا بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی تەواو بکەن بۆ ئەوەی پاشان مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزب بڕیاری لەسەر بدەن.
جەختیشیکردەوە کە ڕێککەوتنەکە لە ڕوانگەی تێگەیشتن و دیدگای ئێستایان و بە گوێرەی قۆناغی ئێستا دەبێت.