سەرکردەیەکی گۆڕان: مه‌سرور بارزانى گه‌نده‌ڵى له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵدەکێشێت

چالاك موهه‌ندیس، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایگەیاند، پارتى سوورە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێم به‌زوویى پێكبهێندرێت، به‌ڵام كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى وایان كردووه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ دوا بكه‌وێت. گوتیشى: خه‌ونى یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى په‌نجا به‌ په‌نجا، به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ونى حوشتره‌ و چیتر كارى پێ ناكرێت.

چالاك موهه‌ندیس ڕاشیگەیاند، كه‌ى شاندى بزوتنەوەی گۆڕان گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى، كه‌ به‌رنامه‌ سیاسییه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕاوبۆچوونى جڤاتى نیشتمانى و له‌وێوه‌ بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى ئه‌م كابینه‌یه‌ بكه‌ین.

موهه‌ندیس زیاتر وتی: كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى باش بووه‌ و گفتوگۆى باشى تێدا كراوه‌، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى تا چه‌ند گفتوگۆباشه‌كانمان ده‌كرێن به‌ كردار، كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ ئێمه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شداریى كابینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم بکەین.

لەبەرەی پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت موهەندیس ئەوەشی گوت ، یەکێتی داواى ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌تى سیادى و پۆستى جێگری سەرۆک وەزیران کردووە، بەڵام باوه‌ڕ ناكه‌م 21 كورسییه‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌و هه‌موو پۆسته‌ی بەرکەوێت، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر باسی ئه‌وه‌م كردووە، كه‌ یه‌كێتى خوازیاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى په‌نجا به‌ په‌نجا، به‌ڵام سەردەمی ئه‌و خه‌ونه‌ى یه‌كێتى به‌سه‌ر چووه‌.

لەکۆتایی قسەکانیدا چالاك موهه‌ندیس ئەوەشی ڕاگەیاند: مەسروور بارزانی بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆڕان، به‌ به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازیى سیاسیی گرنگه‌وه‌ دێینە ناو حكوومه‌ته‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ى ئێمە ئاگاداربین شاندى دانوستكارى پارتى دیموكراتى كوردستان، خۆشحاڵ بووه‌ به‌ بینین و به‌ بیستنى ئه‌و به‌رنامه‌ چاكسازییه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، بۆیه‌ هیوادارم سه‌رۆكى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان به‌رنامه‌ چاكسازییه‌كه‌مان له‌ کارنامەی حكوومه‌ته‌كه‌ىدا جێگه‌ بكاته‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، پاڵپشتییه‌كى به‌هێزى ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌كه‌ین، چونکە کار بۆ ڕیشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵى دەکات و حه‌ز ده‌كه‌ین مه‌سرور بارزانى، شاده‌مارى گه‌نده‌ڵى له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵبكێشێت.

Back to top button