ناکۆکیەکانی نێوان مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵح پەرەدەسێنێت .. بزانە بەرهەم ساڵح لە دژی مەلا بەختیار چی کردووە.؟!

یادی شەهیدێک برینی ناکۆکییەکانی رابردوو و ئێستای نێوان مەلا بەختیار و بەرھەم ساڵح دەکولێنێتەوە و ماڵپەڕێکی نزیک لە بەرھەم ساڵح، سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی لەناو گۆڕان و ھاوڕێکانی سەردەمی شاخ، بۆ دژایەتیی مەلا بەختیار ھان دەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی شەممە مەلا بەختیار لە وتارێکدا باسی لە پرەنسیپەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران لە ھزری سەرکردەکانی کۆنی یەکێتی و ئەو دۆخەی ئێستا کە ھەیە کرد. ھاوکات، ماڵپەڕی (خەندان)ـی نزیک لە بەرھەم ساڵح، قسەکانی مەلا بەختیاری بە ھێرشکردنە سەر بەشێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی لێک دایەوە، بەتایبەتی ئەو سەرکردە کۆنانەی کە لە بەراییەکانی دامەزراندنی یەکێتی و کۆمەڵە و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێدا بەشدار بوون، لەگەڵ ھەواڵەکەشیدا وێنەی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی کۆچکردووی (گۆڕان)یشی دانا، وەکوو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، کە مەلا بەخیتار مەبەستی نەوشیروان مستەفاش بێت.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە ماوەیەکە لەدوای گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی و پشتیوانیکردنی گرووپێکی ناو حزبەکەی بۆ بوون بە سەرۆکۆمار  نیگەران بووە، لە وتارەکەیدا لەگەڵ ئەوەی گومانی خستە سەر تەواوی ئەو دۆکیۆمێنت و یاداشت و بیرەوەرییانەی کە لەبارەی ئەو شەھیدەی یەکێتی نووسراون، گوتیشی: «ھیوادارم نامە نھێنییەکانی جەنابی مام جەلال، کە بەناوی جووتیارەوە ناردوویەتی بۆ شەھید ئارام، لەو کاتەدا بە ھەوڵی خانەوادەکەی و ھەمووان بیاندۆزینەوە، تاکوو بتوانین راستییە مێژووییەکان وەکوو خۆی بزانرێن، نەوەکوو ئەوەی ھەندێک کەس بە مەرام نامەکانیان نووسیوە و شەھید ئارامیان کردووە بە عێراقی، ئەو کەسانەی ئەو درۆنامانەیان نووسیوە، ترسنۆکترین کەسەکانی ئەو سەردەمە بوون، ئێستا بوونەتە پەرلەمانتار و خانەنشینیی پەرلەمان وەردەگرن و درۆنامە لەسەر شەھید ئارام و ھاوڕێکانی دەنووسن».

لە کۆتایی وتارەکەیدا، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش دا: «یەک رێگە لەبەردەمماندا ماوە، کە بتوانین متمانە بۆ یەکێتی بگێڕینەوە، ئەویش تەنیا بەستنی کۆنگرەی گۆڕانکارییە، ئەگەر یەکێتی کۆنگرەی گۆڕانکاری، کۆنگرەی رەخنە لە سیاسەت و رەفتاری خراپ نەبەستێت، کۆنگرەی نوێکردنەوەی یەکێتی نەبەستێت، دڵنیاتان دەکەم، لە ساڵانی ئایندەدا یەکێتی دۆخی خراپی بەسەر دێت».

مەلا بەختیار لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس رای گەیاند، تاوەکوو بڕیاری بەستنی کۆنگرە نەدرێت، بەشداریی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ناکات و گوتی: «ماڵگێڕی خۆم دەبم».

Back to top button