سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا گەیشتە هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانی پیشوزای لێكرا

 

دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی بەغدای كرد لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە ئێوارەی ئەمڕۆ جۆزیپی كۆنتی، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا ، بڕیارە لەسەردانەكەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

جۆزیپی كۆنتی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا لە 8ی ئابی 1964 لە ڤۆلتورا ئەپولا لەدایكبووە. لەڕووی سیاسییەوە كەسێكی سەربەخۆیە و كۆلێژی یاسای لە زانكۆی لاسپینێزا لە رۆما خوێندووە. لە چەند زانكۆیەك وانەی گوتووەتەوە و 1ی حوزەیرانی 2018 بووەتە سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا.

ئیتاڵیا، یەكێكە لەو وڵاتانەی یەكێتی ئەوروپا كە خاوەن ئابوورییەكی گەورەیە و هەروەها ئەندامێكی كارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە دژ بە داعش، پەیوەندییەكی بەهێز و نزیكیشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە.

حكومەتی ئیتاڵیا بەفەرمی لە كانوونی یەكەمی 2015 كۆنسولی گشتی خۆی لە هەولێر كردووەتەوەو هەروەها لە شەڕی دژ بە داعش پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگەبووە و لە ماوەی شەڕی داعش چالاكانە هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە.

نزیكەی 200 راوێژكاری سەربازی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان هەن و لەماوەی رابردوودا مەشق و راهێنانی سەربازیان بە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و هەروەها 11 پێشمەرگەی برینداریش لە ئیتاڵیا چارەسەری پزیشكیان وەرگرتووە.

چەندینجار و لە چەندین وێستگەدا بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە نیویاندا ماتیۆ رێزنی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا كە لە 20ی ئابی 2018 بە یاوەری شاندێكی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

هاوكات بەدەر لە هاتنی سەرۆكوەزیران، چەند جارێكی دیكە وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئیتاڵیا لەگەرمەی شەڕی داعش هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و رۆڵی هێزی پێشمەرگەشیان لە شەڕی دژ بە داعش بەرزنرخاندووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا هەیە و هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی تازە نین، بەڵكو مێژووی ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەكی فەرمی بۆ دوای 2003 دەگەڕێنەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی، لە ساڵی 2005 سەردانی رۆمای كرد و لەگەڵ سیلڤیۆ بەرلسكۆنی، سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتەی ئیتاڵیا كۆبووەوە.

هەولێر و رۆما پەیوەندییەكانیان بەبەردەوام لە بەهێزبووندابووە، هەردوو پایتەخت لە تەممووزی 2017 رێككەوتنێكی ژینگەییان واژۆكرد، لەو رێككەوتنەدا ئیتاڵیا بەڵێنی هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیدا لە هاوكاریكردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا.

Back to top button