نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وڵاتی ئیتالیا دەكەین لەو هاوكاریەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە, هیوادارین هاوكاریەكانیان بەردەوامبێت

 

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ جۆزیپی كۆنتی، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا, سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی هاوبەش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا سوپاسی ئەو وڵاتەی كرد بۆ پشتگیری و هاوكارییەكانی رابردووی و هیوای خواست ئەو پشتگیری و هاوكارییانە لە داهاتووشدا بەردەوام بن.

لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا كە دوای كۆبوونەوەكە ئەنجامدرا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “ئیتاڵیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوكارێكی سەرەكی بووە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی كوردستان. هەم مەشق و راهێنان و هەم لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی پشتیوانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوردستان هەبووە و بەردەوام كاری كردووە”.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد كە : “لەبوارەكانی سیاسی و كولتووری و فەرهەنگیشدا پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا هەیە و سوپاسیان دەكەین بۆ هەموو ئەو كارانەی لەڕووی كولتوورییەوە لە هەرێمی كوردستان دەیكەن”.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئیتاڵیای كرد بۆ پشتگیری و هاوكاری رابردوویان و هیوای خواست، لە داهاتووشدا بەردەوام بن. هەروەها گوتی: “سوپاسیان دەكەین كە لەڕێگەی كۆمپانیای تایبەتمەند و لەژیر پاراستنی هێزێكی ئیتاڵیدا رۆڵێكی باشیان لە پاراستن و چاككردنەوەی بەنداوی موسڵ هەبووە و ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەكەن”.

سەرۆكوەزیران باسی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا كرد و گوتی: “لەم كۆبوونەوەیەدا باسی پەیوەندی هەولێر و بەغدامان كردووە و جەختمان لەوە كردووەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربكات. دووپاتمانكردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە حكومەتی جەنابی د. عادل عەبدولمەهدی دەكات و خوازیاری ئەوەیە كێشەكانی لەگەڵیدا چارەسەر بكات”.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: “باسمان لەدۆخی ئاوارە و پەنابەران لە كوردستان كرد و داواكارین ئیتاڵیا بەردەوام هاریكار بێت لە هاندانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا. باسمان لە پرسی پێكەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و جەختمان لەوە كردووەتەوە كە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستن و یارمەتیدانی هەموو پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستاندا”.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها سوپاسی كۆنسوڵی ئیتاڵیای كرد لە هەولێر بەهۆی ئەو “هەوڵە بەردەوامانەی دەیدات لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا”.

Back to top button