ھۆکار و چارەسەری میز بەخۆداکردنی منداڵان لە شەواندا

بەشێک لە منداڵان لە دوای تەمەنی پێنج ساڵیش، لە شەواندا و لە کاتی خەوتندا، میز بەخۆیاندا دەکەن، چەند ھۆکارێکیش بۆ ئەم کێشەیە ھەیە.

بەپێی توێژینەوە زانستییە نوێیەکان، زۆربەی منداڵان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، لە شەوان دەتوانن کۆنترۆڵی میزکردن بکەن واتە میز بەخۆیاندا نەکەن، پێش ئەو تەمەنە میز بەخۆداکردن لە شەواندا بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام پاش تەمەنی پێنج ساڵی لە 15-20%ی منداڵان لە کاتی خەوتن بە خۆنەویستانە میز بەخۆیاندا دەکەن، بۆ ئەم کێشەیەش چەند ھۆکارێک ھەن، ئەوانیش بریتین لە:

1 – ھۆکاری دەروونی، وەکوو لێدان، ترس، دڵەڕاوکێ، کێشە لە نێوان دایک و باوک، لەدایکبوونی مناڵێکی نوێ لە خێزانەکەی، چوونە قوتابخانە بۆ یەکەم جار و گواستنەوەی ماڵ لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە.

2 – دواکەوتنی پێگەیشتنی کۆنترۆڵکردنی میزڵدان، لەنێو خەلکیدا پێی دەگوترێت “میزڵدانی شلە”.

3 – بچووکی قەبارەی میزڵدان، ئەو منداڵانە لە شەواندا میزێکی زۆر دەکەن و زیاترە لە توانای میزڵدان.

4 – خەوی گران، ئەو منداڵانە بە قووڵی دەخەون، کاتێک میزڵدانیان لە شەواندا پڕ دەبێت، ھەستی پێناکەن و میز بەخۆیاندا دەکەن.

5 –  ھۆکاری بۆماوەیی،  واتە یەکێک لە باوان یان منداڵەکانی دیکەی خێزانەکەی بەم شێوەیە بوونە.

ھەڵبەتە میز بەخۆداکردنی منداڵان لە شەواندا، فشارێکی دەروونی بۆ منداڵ و دایک و باوک دروست دەکات، بەڵام جێگای مەترسی نییە و لەگەڵ کات بەرەو چاکبوون دەچن و باش دەبن،
بۆ دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت، بۆ ئەوەی ھۆکارە ئۆرگانییەکان جیا بکرێتەوە.

لێرەدا چەند چارەسەرێک بۆ حاڵەتە ئاساییەکانی میز بەخۆداکردنی منداڵان لە شەواندا دەخەینە ڕوو:

1 –  پێویستە فشار نەخرێتە سەر منداَل و سەرزەنشت نەکرێت.

2 – نابێت دوو کاتژمێر پێش خەوتن منداڵ شلەمەنیی زۆر بخواتەوە.

3 – پاش کاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆ ئەو خواردنەوانەی (کافاین)یان تێدایە، نابێت منداڵ بیانخواتەوە، بەشێک لەو خواردنەوانەش بریتین لە: چا، قاوە و خواردنەوە گازییەکان.

4 – منداڵەکە پێش خەوتن دەبێت میز بکات.

5 – پێویستە سەردانی پزیشکی تایبەت بکرێت و دڵنیا ببنەوە لە تەندروستبی میزەڵدان و گورچیلەکانی منداڵ.

Back to top button