به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی بەغدا و تاران عادل عه‌بدولمه‌هدی په‌یامێكی توند بۆ دۆناڵد تره‌مپ ده‌نێرێت..

دوێنێ چوارشەممە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا لەگەڵ عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران، کۆ بووەتەوە، هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا، عادل عەبدولمەهدی و عەبدولناسر هیمەتی تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەردوولا و کاریگەریی سزا سەپێندراوەکانی ئەمریا بەسەر ئێرانیان کردووە و عەبدولمەهدی باڕاستەوخۆ پەیامێکی توندی بۆ ئەمریکا ناردووە و گوتویەتی، ”نابینە بەشێک لە سیستەمی سزاکان بەسەر ئێران“.

ساڵی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد، دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1 لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات، وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.

Back to top button