لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كه‌ن

لە نێو لایەنە توركمانیەكانی شاری كه‌ركوك ،سێ كاندیدی توركمان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاری ده‌كرێت .

نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگه‌یاند:” بەپێی مافی یاسایی و هەڵبژاردن پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت بۆتوركمانەكان بێت و پۆستی پارێزگار بۆ كورد و لیستی برایەتی دەبێت و جێگری پارێزگاریش بۆلایەنە عێراقییەكان”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر لیستی توركمانەكان، گوتیشی :” توركمانەكان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دابەشبوونە و سێ كاندیدیان هەیە بۆ ئەو پۆستە كە یەكێكیان خۆیەتی و دوانەكەی دیكەش هەریەكە لە ( رەعد رەشید، عەلی مەهدی)ییە بۆ ئەو پۆستە”.

رێبوار تاڵه‌بانی، له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌کات به‌وه‌کاله‌ت، دوای ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن تۆران له‌ به‌ره‌ی تورکمانی پۆسته‌که‌ی به‌جێهێشت و بووه‌ په‌رله‌مانتاری عیراق،به‌ڵام به‌هۆی خیانه‌تی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ چیتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و به‌شێكی زۆر له‌ ئه‌ندامان نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر حوكمی سه‌ربازی شاره‌كه‌و كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نیش ڕاوه‌ستاوه‌ .

هاوكات پێشتر هاوپەیمانی عەرەبی شارەكە دوێنی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندبوو، كە پێویستە ئەوكەسەی دەكرێتە پارێزگاری كەركوك خەڵكی شارەكە بێت و رێكەوتنی نێوان پێكهاتەكانی لەسەر بێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی رێكەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ،لەدوایین كۆبونەوەیاندا بڕیارە ۱۸ی ئەم مانگە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام بدرێت وپارێزگارێك بۆشارەكە دیاری بكرێت.

Back to top button