یەكێتی ژنە حیجابێك كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان

 

ڕێواز فایەق کە یەکێکە لە کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و لەلایەن کۆسرەت ڕەسووڵ و بەشێک لە سەرکردەکانی حزبەکەوە پشتیوانی دەکرێت، له‌ گفتوگۆیه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ،ڕایگەیاند، یەکێتی بڕوای بە ئازادیی بیروڕا هەیە و ”من لەچکەکەم لە قەناعەتی تەواوەوە کردووە و کەس پێی نەکردووم، ئەگەر ئەو لەچکە ببێتە مایەی ئەوەی من ئەو پۆستە وەرنەگرم، ئەوا سوپاسی خوا دەکەم، بەڵام نابێتە بەربەست بەھیچ شێوەیەک، ئەگەر ببووایەتە بەربەست، ئەوا هەڤاڵەکانم لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەوشێوەیەی کە ئێستە پشتیوانمن، ئەوا پشتیوانم نەدەبوون“.

ڕێواز فایەق یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ده‌ڵێت مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی بڕوایان بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی جل پۆشین هەیە و پێوەرەکانی بوون بە سەرۆکی پەرلەمان بەلای ئەوانەوە ”پێوەر ئەوە نییە کە من چیم لەبەرە، بڕواش ناکەم ئەو سەرپۆشە ببێتە مایەی ئەوەی من ئەو پۆستە وەرنەگرم”.

کاندیده‌كه‌ی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گوتیشی : ”گرنگ نییە پاشناوی کەسەکان چییە، گرنگ ئەوەیە چەندێ لە هەڤاڵەکانی سەرکردایەتی متمانەی پێ دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، خەڵک ڕەنگە لەدەرەوەی یەکیتی باسی ئەوە بکات کە دووان لە بنەماڵەی تاڵەبانی نابێ ئەو پۆستانە وەربگرن، لەناو خۆماندا ئەوە باس نەکراوە، میکانیزم و ئۆرگانی زیندوومان ھەیە بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە زیندوو بکاتەوە، بەدەر لەوەی کێ سەر بە چ بنەماڵەیەکە“.

ڕێواز فایەق ڕوونیشی کردەوە کە ئەو بڕوای تەواوی بە میکانیزمەکان هەیە و لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی دەچنە نێو کێبڕکێوە و ئەگەر ئەو پێوەرانەی کە لە سەرکردایەتیی یەکێتی دادەنرێت بۆ سەرۆکی پەرلەمان، لەودا هەبێت، ئەوا ”من دەبم بە سەرۆکی پەرلەمان“.

Back to top button