وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت: پێشمەرگە لە شنگالەوە تا خانەقین دەگەڕێـتەوە تەواوی ناوچەكانی پێشوتر
دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و هاتنی شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزاەتی پێشمەرگە وا بڕیارە پێشمەرگە بگەرێتەوە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكانی سنوری ماددەی 140, وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت رایدەگەیەنێت پێشمەرگە لە شنگاڵ تا خانەقین دەگەڕیـَتەوە تەواوی سنورەكان.
كەریم شنگالی، وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت رایگەیاندووە “گەڕانەوەی پێشمەرگە تەنها بۆ كەركووك نیە، بەڵكو بۆ سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانە و لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆكردن بەردەوامین”.
لە لایەكی دیكەوە، د. كەمال كەركووكی، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك – گەرمیان لەبارەی كاتی گەڕانەوەی ئەندامانی پارتەكەی بە كوردستان24ی راگەیاند: “كاتێك دەزگا ئەمنییەكان لە خەڵكی خۆجێی ناوچەكە بوون و بەربەست لە پێش ئاڵای پیرۆزی كوردستان نەما، ئەندامانی پارتی دەگەڕێنەوە”.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێـتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەبارەی كەركووك پشتڕاستدەكاتەوە و دەڵێت: “لە لایەن هەردوولا پڕۆژەیەك دەنووسرێتەوە”.
شایەنی باسە, لە دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و داگیركردنی ناوچە كوردستانییەكان تا دێـت دۆخی ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنیەوە تێك دەچێت و داعش چالاكیەكانی فراوانتر دەكات، بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكەش پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گفتوگۆدان.