قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید مافی پەرلەمانتاریان لێوەرگیرایەوە

 

دوای ئەوەی هەریەكە لە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ‌ ئامادە نەبوون لە ناو هۆڵی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن، لە جێگای هەریەك لە قوباد تاڵەبانی، شەعبان عەلی شەعبان و شاسوار عەبدولواحید، سێ ئەندام پەرلەمانی یەدەگ جێگایان دەگرنەوە.
بەگوێرەی بڵاوكراوەیەكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەكە داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات: “راهی راهبەر ئیبراهیم سەعید لە قەوارەی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، زێدان رەشیدخان ئاودەل برادۆستی لە قەوارەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سیروان فەرەج محەمەد لە قەوارەی نەوەی نوێ سوێندی یاسایی لە جێگای ئەو كەسانە بخۆن كە سوێندیان نەخواردووە”.

لە 6ی تشرینی دووەم، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام هەر یەك لە قوباد تاڵەبانی، شەعبان عەلی شەعبان، شاسوار عەبدولواحید نەچوونە هۆڵی پەرلەمان و سوێندیان نەخوارد، ئەنجوومەنی كۆمیسیارانیش، سێ پەرلەمانتاری یەدەگ دەخاتە جێیان.

بڕیارە 18ی ئەم مانگە – شوبات، پەرلەمانی كوردستان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.

Back to top button