رووسیا و ئێران مامەڵەكردن بە دۆلاریان راگرت

 

لەگەڵ ئەوەی ئەمریكا بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ئێران, ئێران لە ئێستادا پالپشت بە رووسیا لە هەوڵی ئەوەدایە تەنگەژە ئابووریەكەی تێپەڕێنێت و لە ژێر باری سزاكانی ئەمریكا بچێتە دەرەوە, باڵیۆزی روسیا لە ئێران رایگەیاند، حكومەتی تاران و مۆسكۆ بە شێوەیەكی كرداری لە مامەڵە بازرگانییەكانی نێوانیاندا دەستبەرداری بەكارهێنانی دۆلار بوون.
لیڤان جاگاریان باڵیۆزی روسیا لە ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی TASSی روسی رایگەیاندووە، لە مامەڵەكردنیاندا لەگەڵ ئێران، گۆڕینی دۆلار بە پارەی نیشتیمانی هەردو وڵات گرنگیەكی زۆری هەیە بۆ روسیا، لە ئێستاشدا لە مامەڵەكانیاندا لەگەڵ ئێران دەستبەرداری بەكارهێنانی دۆلار بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لە مامەڵەكاندا پشتدەبەستین بە بەكارهێنانی رۆبڵ-ی روسی و ریاڵ-ی ئێرانی و لە كاتی پێویستدا یۆرۆ بەكاردەهێنین، ئەگەر هەڵبژاردەی دیكەمان لەبەردەمدا نەبو”.
راشیگەیاند، مۆسكۆ و تاران لە توانایاندا هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە گرانەدا بكەن، كە سەپێندراوە.
لەبارەی ئەو میكانیزمە داراییەی لەمدواییانەدا لە لایەن فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بڵاوكرایەوە، بەمەبەستی ئاسانكردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران و تێپەڕاندنی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە، جاگاریان وتی، “ئەو میكانیزمە زیاتر لە وەڵامدانەوە، پرسیار دروستدەكات، ئەوەش هەنگاوێكی سیاسیە بە ئامانجی پارێزگاریكردن لە كۆتا رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران”.
ئەوە كاتێكدایە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا ساڵی رابردو داوایكرد ئابوری وڵاتەكەی پشتبەستنی خۆی بە پارەی ئەمریكی كەمبكاتەوە و دەستبەرداری بەكارهێنانی دۆلاربن لە مامەڵەكانیاندا.

Back to top button