سەركردەیەكی عێراق: سەرۆك بارزانی ململانێیەكانی ناوچەكەی گۆڕی بە سەركەوتن بۆ گەلەكەی
دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو بە هۆی بڕینی مووچەو بوودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا هەروەها هێڕشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و دۆخی ئالۆزی ناوچەكە كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان رووبەرووی مەترسی زیاتر بوویەوە, سەركردەیەكی دیاری عێراقی دەنوسێت:” سەرۆك بارزانی هاوكێشە ئیقلیمیەكانی لە بەرژەوەندی گەلەكەی شكاندنەوە”.
مشعان جبووری سەركردەیەكی سیاسیی عێراق و پەرلەمانتاری پێشوو گوتوشیەتی:”ئەوانەی دەیانویست بە ڕێگرتن لە سەربەخۆیی كوردستان، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كەم بكەنەوە، هەڵە بوون، سەرۆك بارزانی توانی ململانێیەكانی ناوچەكە بگۆڕێت بە سەركەوتن بۆ گەلەكەی.
جبووری لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) لەبارەی سەرۆك مەسعود بارزانییەوە نووسیویەتی سەرباری ئەوەی گەلی كورد بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، هەندێك پێیانوابوو كە ڕێگرتن لە هێنانەدی ئەو سەربەخۆییە، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لاواز دەكات، بەڵام سەرۆك مەسعود بارزانی بە دانایی خۆیی توانی ململانێی ئێران و ئەمریكا لەلایەك و كێبەركێی شیعەكان لەسەر دەسەڵات لە لایەكی ترەوە بۆ قازانجی گەلەكەی وەبەربێنێت.
هەروەها نووسیویەتی كە سەرۆك بارزانی ڕێگەی نەدا حەیدەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەسكەوتێكی بێ پێشینەشی لە بەشە بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست هێنا.
جێی باسە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی، لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017دا تێكڕا لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگییان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا و ئەمەش وەكو بەڵگەنامەیەكی مێژوویی لەنێو دەستی سەركردایەتی سیاسیی كوردستاندا دەمێنێتەوە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان.