حەشدی شەعبی هێرشدەكەنە سەر دادوەرێكی كورد لە موسڵ

 

لەدوای كۆتا هاتنی مەترسیەكانی داعش لە موسڵ و دەشتی نەینەوا ئێستا مەترسیەكانی حەشدی شەعبی بەقەد بوونی داعش لەو ناوچانە هەستیان پێدەكرێت بەبەردەوامی جگەی لە هەڕەشە بۆسەر هاوڵاتیانی ناوچەكە هەڕەشەی جدین لەسەر دام و دەزگا میریەكان بە جۆرێك ئەمڕۆ لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە لە شاری مووسڵ دەستدرێژی دەكرێتە سەر دادوەرێكی كورد، بۆ لێكۆڵینەوەش لەو ڕوداوە، لیژنەیەك لە پەرلەمانی عێراقەوە لێكۆڵینەوە دەكات.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری كورد كە یەكێكە لەنوێنەرەكانی پارێزگای نەینەوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەڕاگەیاندراوێكدا كە دەستی خواكوڕك كەوتووە، نووسیویەتی: “ئیدانەی ھێرشكردنە سەر ئەو دادوەرە دەكەین، ھیوادارین ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، چونكە ئەوە دەستدرێژییە بۆ سەر دەسەڵاتی دادوەری”.
پێشتر میلیشیاكانی لیوای ٤٠ی سەر بەحەشدی شەعبی دەستدرێژییان كردە سەر دادوەر سەمیر بەرواری، دادوەری دادگای مووسڵ لەبەری ڕاستی ئەو شارە و داواكاری گشتی لە شارەدێی تەل عەبتە.
دووبەردانی جەختی كردەوە، كە لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمان، لێكۆڵینەوە لەو ڕوداوە دەكات و ڕاپۆرتی خۆی بەرز دەكاتەوە.
لای خۆیەوە، دادوەر سەمیر بەرواری، ڕایگەیاند، سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو چەكدارانەی میلیشیای حەشدی شەعبی تۆمار دەكات بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن و دەستدرێژی لەو شێوەیەش دووبارە نەبێتەوە.

Back to top button