خواكوڕك زانیاری نوێ‌ لە بارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڵاودەكاتەوە

 

دوای ئەوەی هەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتن لە بارەی ئاسای كردنەوە دۆخی كەركووك و بەڕێوەبەردنی بە شێوەیەكی هاوبەش, وابڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەی لیژنە هاوبەشەكەی نێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەندامانی لیژنەكەش دیاریكراون.

هەنگاوی یەكەمی لیژنە هاوبەشەكە كەمكردنەوەی ئەو هێزانەن، كە ئێستا لە سنووری كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان رووبەڕووی یەكدی وەستاون.

لیوا هیوا عەبدڵڵا، فەرماندەی پێشمەرگە دەڵێت “ئەو هاوئاهەنگییەی هەموو خەڵك چاوەڕوانییەتی لە ماوەیەكی كەمدا بەكردار جێبەجێدەكرێ و لە قسە و كۆبوونەوە دەردەچێت، چونكە داعش لە زۆر شوێن جوڵەی هەیە، لە ناوچەكانی خوارووی كەركووك بەئاشكرا جموجۆڵیان هەیە. پێویست بەوەدەكات پەلەبكرێ لە دروستكردنی لیژنە هاوبەشەكان بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی هێزیش هەبێت”.

هەنگاوی دووەمی لیژنەكان دیاریكردنی ئەو خاڵ و سەنگەرانەیە كە پێویستیان بەهێزی هاوبەشە. نۆ خاڵ لە سنووری كەركووك هەن كە چاوەڕێدەكرێت سەربازگەی ئەو هێزە هاوبەشەیان تێدا دابمەزرێن.

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ئاشكرای دەكات، جێبەجێكردنی پلانەكە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوو دەخایەنێت و پرسی ئەمنی نێو شاری كەركووك دەگەڕێندرێتەوە بۆ پۆلیسی ناوخۆ، ئەو هێزانەی زیادن شارەكە بەجێدەهێڵن.

بێستوون زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت “لەماوەی دوو سێ مانگێكی دیكەدا ئەو هێزانە دەڕۆن و هێزە هاوبەشەكە، كە پێشمەرگە و سوپای عێراقن، بە هاوبەشی لە دەوروبەری كەركووك بڵاودەكرێنەوە، ناو شاری كەركووكیش بەدەستی پۆلیسی ناوخۆییەوە دەبێت”.

جموجۆڵەكانی داعش لە باشوور و رۆژئاوای كەركووك و خوارووی داقووق و زنجیرە چیای حەمرین زۆر زیادیان كردووە، خەڵكی ئەو گوندانە ئێستا لە نائارامیدا دەژین. بەو هۆیەوە بەشێك لە گوندەكانی سنووری داقووق و خورماتوو، بەتایبەت كوردنشینەكان، یان چۆڵیان كردووە یان تەنیا بە رۆژ دەمێننەوە و شەوان ناوچەكە بەجێدەهێڵن.

Back to top button