بەرپرسێكی باڵای یەكێتی: لەلایەن دەستێكی ڕەشەوه ژەهرخوارد كراوم
عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئاشكرای دەكات، لە كاتی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دەستێكی ڕەشەوە ژەهرخوارد كراوم و دوای چوار مانگ لە چارەسەر له دهرهووهی وڵات، ئینجا هاتوومەتەوە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ یەك شەممه، عهتا سەراوی لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە ۲٥_۹_۲٠۱۸ لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا تووشی حاڵەتێكی نەخوازراویی تەندروستی بووم و بە ناچاری وڵاتم بەرەو دەرەوە بەجێ هێشت، دوای پشكنینی پزیشكی دەركەوت كە بەر هێرشی دەستێكی ڕەشی ترسنۆك كەوتووم و ژەهرخوارد كراوم.
عهتا سەراوی ئاشكرای كردووە، دوای وەرگرتنی چارەسەر و مانەوەم بۆ ماوەی چوار مانگ، خۆشبەختانە بەتەندروستییەكی باشەوە گەڕامەوە بۆ وڵات، سەراوی كە كەسێكی سەربازیی ناو یەكێتییە، لە ڕابردوو وەڵامدانەوەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی سیاسی یەكێتی هەبوو لە میدیاكان و تا ئێستەیش پەنجەی تۆمەتی بۆ كەس درێژ نەكردووە لەسەر ژەهرخواردنەكەی.
پێشتر بەهۆی كێشەكانی ناو یەكێتی، چەندان جار هەوڵی جیابوونەوە و باڵباڵێن هەبووە و ئێستاش بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتیی بڕیاری داوە بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی یەكێتیی نەكات تا كۆنگرەی حزب نەبەسترێت.