ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق واژوو كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ .. ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ یاسایی ده‌كرێ

لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای كرد، توانراوه‌ 70 واژووی په‌رله‌مانتاران كۆ بكرێته‌وه‌، تا دوای دانیشتنی وه‌رزی نوێی په‌رله‌مانی عێراق، پرۆژه‌ یاسای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بیانییه‌كان له‌ عێراق بخرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كانه‌وه‌.

مه‌هدی ته‌قی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ پێگه‌ی “ئه‌لمه‌علوومه‌”ی ڕاگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی سوپاسالاری عێراق به‌ڵێنیان پێداوین كه‌ ڕاپۆرتێكی ورد و پڕ زانیارییان پێ بده‌ن له‌باره‌ی ژماره‌ی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ژماره‌ی سه‌ربازانیان له‌ عێراق.

ئاماژه‌ی دا، وه‌كو په‌رله‌مانتارانیش 70 واژوومان كۆ كردووه‌ته‌وه‌، تا له‌ دانیشتنی سه‌ره‌تای وه‌رزی نوێی یاسادانانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرۆژه‌ یاسای ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ تایبه‌تی له‌ عێراق بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌‌.

له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ركردنی یاساكه‌ و پابه‌ندنه‌بوونی حكوومه‌تی عێراق به‌ جێبه‌جێكردنی، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتی، ئه‌وكاته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێ لێپێچینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت متمانه‌یش له‌ حكوومه‌ت وه‌رگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی نه‌بێ و به‌ وردی یاساكه‌ جێبه‌جێ نه‌كات.

مه‌هدی ته‌قی له‌باره‌ی پێدانی زانیاری له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه‌ گوتی، سوپاسالار عوسمان غانمی و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان عادل عه‌بدولمه‌هدی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و بۆ لێپرسینه‌وه‌ بانگی په‌رله‌مان ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر زانیاری هه‌ڵه‌مان پێ بده‌ن.

 

Back to top button