داعشه‌ تاوانباره‌كانی كاره‌ساتی شنگال ده‌چنه‌ ریزی په‌كه‌كه‌

خواكوڕك

له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژی حه‌شدی شه‌عبی هێزه‌كانی سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شنگال ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ چه‌كدار ده‌كه‌ن، گه‌نجێكی شه‌نگالیش ده‌ڵێت، زۆربه‌ی عه‌ره‌به‌كان له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ پێشتر له‌ ریزه‌كانی داعش بوون و ده‌ستیان هه‌بووه له‌ كوشتنی شه‌نگالیه‌كان.

ئاژانسی هه‌واڵی روسی (سپۆتینگ) له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ په‌كه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك عه‌ره‌ب له‌ ریزه‌كانی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شه‌نگال (یه‌به‌شه‌)‌ چه‌كدار ده‌كات و له‌سه‌ر بودجه‌ی حه‌شدی شه‌عبی مووچه‌یان پێده‌دات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی سپۆتینگ چه‌ند گه‌نجێكی شه‌نگالی، كه‌ وازهێنانی خۆیان له‌ ریزه‌كانی یه‌به‌شه‌ راگه‌یاندووه‌، قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌كه‌ كردووه‌ و ده‌ڵێن، پەکەکە ئەو عەرەبانە چەکدار دەکات کە خەڵکی شنگالیان کۆمەڵکوژ کردووە، ھەربۆیە ئەوان ڕیزەکانی پەکەکەیان جێھێشتووە و ژمارەیەکی دیکەش ئامادەن واز لەو حزبە بھێنن.

سپۆتینگ بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌، لێدوانی مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شه‌نگالی وه‌رگرتووه‌ و له‌وباره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو عەرەبانە لەلایەن پەکەکەوە داڵدە دەدرێن و دواتر چەکدار دەکرێن.

دوای راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌ كه‌ جوڵانه‌وه‌یه‌كی سه‌ر به‌ حیزبی په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ چیای شنگال، ناره‌زایه‌تی و بێزاریه‌كی زۆر له‌لایه‌ن شنگالیه‌كانه‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئاشكرابوو ئه‌و باڵه‌ی په‌كه‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه‌ له‌سه‌ر میلاكی حه‌شدی شه‌عبی مووچه‌ی مانگانه‌ وه‌رده‌گرێت ئێستاش ده‌رگای كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و داعشانه‌ی كه‌ له‌ شنگال كۆمه‌ڵكوژیان ئه‌نجامداوه‌.

Back to top button