بەرپرسێكی دیكەی كورد لە كەركووك كە لە پشكی یەكێتی ـیە لە كارەكەی دوورخرایەوە
دوای ئەوەی بە هۆی خیانەتی یەكێتی كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی داگیركرا, لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە تاوەكوو ئێستا كە دۆخێكی سەربازی بەسەر كەركووكدا سەپێندراوە، بە شێوەیەكی بەردەوام بەرپرسانی كوردستان لە كەركووك لادەدرێن و پاساوی جۆراوجۆریش بۆ لادانیان دەدۆزرێتەوە لەم چوارچێوەیە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووك كە كوردە و سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لە پۆستەكەی دوور خرایەوە.
غەفور ساڵح، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی،ڕایگەیاندووە: “عەمید شێرزاد مارف، بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا حكوومییەكانی كەركووك، ماوەیەكە گوایە سكاڵایەكی لەسەر تۆمار كراوە، بەڵام ناشزانم ئەو سكاڵایەی كە لەسەریەتی تا چەند ڕاستە، ئێستاش ھەر ئەو نییە كە لەپۆستەكەی دوور خراوەتەوە، بەڵكوو چەندین بەرپرسی دیكەمان ھەیە لە پۆستەكانیان دوور خراونەتەوە و ڕەنگە دوا كەسمان عەمید شێرزاد بێت لە پۆستەكەی لادرابێت”.
(خواكوڕك) زانیویەتی ئەو كەسەی كە لەشوێنی ئەو بەرپرسەی سەر بە یەكێتیی داندراوە، ناوی عەقید محەمەد سەعید محەمەدە، لەو چوارچێوەیەشدا جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی ڕای گەیاند: “ھەر گۆڕانكارییەكی ئیداری بكرێت، ئێستا بە قازانجی ئێمە نییە، چونكە بە خواستی ئێمە نەبووە و ئێمە كاندیدمان نەكردووە بۆ وەرگرتنی پۆست، بەڵام تاوەكوو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە كە شێرزاد مارف لەسەر چ بناغەیەك لادراوە، بەڵام ئێمە تاوەكوو ئێستا چەندین پۆستمان لێ سەندراوەتەوە و بە غەیرە كورد دراوە، تەنیا ئەم جارەیە كوردێك لە شوێن كوردێك دادەنرێت”.